ZNA-هەولێر ئەمڕۆ نرخی زێڕ بە دابەزین کرایەوە و بە رێژەی 0.2٪ بەهاکەی لەدەستدا و هەر ئۆنسەیەک بە 1793 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتوو بە رێژەی 0.3٪ بۆ ئاستی 1804 دۆلار دابەزی.
بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان دەکەن بۆئەوەی بزانن سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی چۆن دەگۆڕدرێت.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە کۆتایی بە کۆبوونەوەی دوو رۆژی خۆی دەهێنێت و لەسەر سوودی بانکی راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە و تیایدا ئاشکرای دەکات کە بە چ رێژەیەک سوودی بانکی بەرزدەکەنەوە.
بەڵام پێش رۆژی چوارشەممە لە رۆژی سێشەممە، ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی رابردوو بڵاودەبێتەوە کە کاریگەری لەسەر بڕیارەکەی رۆژی چوارشەممەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت. لەبەر ئەو دوو رووداوە بازرگانانی زێڕ بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن.
چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەم هەفتەیە رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.5٪ بەرزبکاتەوە، ئەگەر رێژەی هەڵاوسان لە مانگی 11 بەراورد بە مانگی 12 بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە نەبینێت.
ئەم هەواڵە 193جار خوێندراوەتەوە |