ZNA-هەولێر دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەهۆی بەردەوامیی داخرانی بۆریی گواستنەوەی نەوتی کەنەدا بۆ ئەمریکا و هەروەها ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی حکومەتی چین لە بەرامبەر تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرزبووەوە.
رۆژی سێشەممە 13-12-2022، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 64 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە هەمان شێواز64 سەنت بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
داخرانی بۆریی کیستۆن کە رۆژانە زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت لە ناوچەی ئالبێرتا لە کەنەدا دەگوازێتەوە بۆ ئەمریکا نیگەرانی دروستکردووە لەسەر کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا.
حکومەتی چین لەلایەکی دیکەوە رێوشوێنەکانی دژ بە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای ئاسان کردووە و ئەوەش گەشبینییەکی دروستکردووە لەسەر بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهانەوە.
ئەم هەواڵە 214جار خوێندراوەتەوە |