ZNA-هەولێر سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ بۆ شەش مانگ مۆڵەت دەداتە وەزیر و پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدایان لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت. مۆڵەتەکەش لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەستپێدەکات.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممە 12-12-2022، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و تێیدا بڕیار لەسەر بەرنامەی حکومەت درا.
سوودانی گوتیشی: "بەرنامەی حکومەت، تێڕوانینی حکومەتە بۆ داهاتوو، رەنگدانەوەی پلان و بەرنامەی وەزارییە کە لە قۆناغی داهاتوودا جێبەجێی دەکات، کارەکانی حکومەت، لەبەر رۆشنایی بەرنامەی حکومەتی پەسندکراو هەڵدەسەنگێنرێت. هەڵسەنگاندنەکەش بۆ وەزیر و بریکاری وەزارەت و پارێزگار و راوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی دەبێت و لەکاتی دیاریکراودا."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیران 3 مانگی داوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان کە لە رۆژی سێشەممەوە دەستپێدەکات، "بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی کارەکانیان. ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی چەندە بەرنامەی حکومەتیان جێبەجێکردووە، هەروەها شەش مانگی دایە وەزیر و پارێزگار و راوێژکارەکان، بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانیان.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک لەناو ئەنجوومەنی وەزیران پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی بە جددی چاودێریی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بکات، هەروەها لیژنەی لاوەکی لەهەر وەزارەتێک پێکبهێنرێت، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی و ئەوەی کە پێویستە لەچوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا جێبەجێ بکرێت.
هەروەها وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی دیکە پابەندەبن، بەدابینکردنی لایەنی دارایی بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی بەرنامەی حکومەت و هەردوو بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنان.
ئەم هەواڵە 310جار خوێندراوەتەوە |