ZNA-هەولێر یەکێتیی ئەورووپا داوای لە حووسییەکانی یەمەن کرد لە هەڵوێستی توندڕەوی خۆ بە دوور بگرن و بۆ چارەسەری کێشەکان هاوکاری یەکێتیی ئەوروپا بن.
لە راگەیەندراوی یەکێتیی ئەوروپادا ، داوا لە حووسییەکان کراوە واز لە توندوتیژی بهێنن و لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشداری بنیاتنەریان هەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکەدا، جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە سەرلەنوێ دەستەبەرکردنەوەی ئاگربەست گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پشتیوانیکردنی گەلی یەمەن.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ستایشی هەڵوێستی بنیاتنەری حکوومەتی یەمەن کراوە لە کاتی ئاگربەستەکەدا، سەرنج خراوەتە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی سعوودیە، عومان و دامودەزگاکانی ناوچەکە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست.
حووسییەکان لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤وە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکی یەمەن داگرتووە. لە بەرانبەریشدا ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی، بەڕابەرایەتی سعوودیە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا لە دژی حووسییەکان پاڵپشتیی حکوومەتی یەمەن دەکات.
نوێنەری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن، ھانس گرێن بێرگ ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتی یەمەن و حووسییەکان لە دووی نیساندا، رەزامەندییان لەسەر راگرتنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیی، وشکانیی و دەریاییەکان بۆ ماوەی دوو مانگنیشان دا.
ئاگربەستی نێوان حکوومەتی یەمەن و حووسییەکان کە شەش مانگ بەردەوام بوو لە دووی تشرینی یەکەمدا درێژکرایەوە.
لەم شەڕ و پێکدادانانەی ساڵانێکە لە یەمەن بەردەوامە، نزیکەی ٣٧٧ هەزار کەس کوژراون.
ئەم هەواڵە 184جار خوێندراوەتەوە |