ZNA-هەولێر بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکرا لە ئەمریکا، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی تشرینی دووەم لە ئەمریکا، زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو.
نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 38 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 30 سەنت دابەزی و بە 75 دۆلار و پێنج سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی ئامارەکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو حەوت ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل زیادیکردووە کە زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان. پێشبینی دەکرا لەبەر وەستانی بۆریی کیستون، بۆریی هەناردەکردنی نەوتی کەنەدا بۆ ئەمریکا، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 3.6 ملیۆن بەرمیل کەم بکات.
جگە لە نەوتی خاو، قەبارەی بەنزینی یەدەککراویش لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە بڕی 900 هەزار بەرمیل زیادیکردووە و بەو پێیەش زیادبوونی قەبارەی نەوتی خاو و قەبارەی بەنزینی کۆگراکراو هۆکاربوون بۆ دابەزینی نرخەکانی نەوت لە ئەمڕۆ چوارشەممە.
ئەم هەواڵە 229جار خوێندراوەتەوە |