ZNA-هەولێر دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی زێڕ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی و لە سەرووی 1800 دۆلارەوە بە جێگیری ماوەتەوە.
رۆژی سێشەممە دوا راگەیاندنی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی تشرینی دووەم لە ئەمریکا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە 1775 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 1824 دۆلار. هەرچەندە لە کۆتایی مامەڵەکاندا نرخەکەی دابەزی بۆ نزیکەی 1810 دۆلار، بەیانیی ئەمڕۆش هەر لەو ئاستەدا مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی وەزارەتی کاری ئەمریکا، نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی رابردوو تەنیا بە رێژەی 0.1٪ بەرزبوونەتەوە کە کەمتر بووە لە ئاستی 0.3٪ـی پێشبینیکراو.
لە ئاستی ساڵانەشدا، رێژەی هەڵاوسان 7.1٪ بووە لە مانگی تشرینی دووەمدا کە کەمترە لە 7.3٪ـی کە پێشبینیکرابوو.
ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی تشرینی دووەم لە ئەمریکا بازاڕەکانی ئەمریکای گەشبین کردووە بەوەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەنگاوەکانی بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی خاوبکاتەوە.
ئەم هەواڵە 172جار خوێندراوەتەوە |