English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پێنتاگۆن: سوپای ئەمریکا گەڕە هاوبەشەکانی لەگەڵ هەسەدە دەستپێکردووەتەوە
2022-12-14 [08:35 AM]

ZNA-هەولێر


وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرایکرد، هێزەکانیان لە باکووری سووریا لە هەفتەی رابردووەوە بە تەواوەتی دەستیانکردووەتەوە بە گەڕە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ‌هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە. ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ ماوەیەکی کاتیی راگیران. 

 

رۆژی سێشەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2022، ژەنەڕاڵ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا ئاشکرایکرد، هێزەکانی ئەمریکا لە 9ی ئەم مانگەوە بە تەواوەتی گەڕە سەربازییە هاوبەشەکەیان لەگەڵ هەسەدە لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەستپێکردووەتەوە. 

 

لەوبارەیەوە، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایدەگەیێنێت، "دەتوانم پێتان رابگەیێنم گەڕە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیانپێکردووەتەوە و لە بەرواری 9ی کانوونی یەکەمەوە بە تەواوەتی دەستیانپێکردەوە، جارێکی دیکە، سەرنجمان ئەوەیە لەگەڵ هێزە خۆجێییەکان کار بکەین بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونەوەی داعش." 

 

سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر سەربازانی ئەمریکا لە دوای هێرشەکانی مانگی رابردووی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان، گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵیت، لە دوای هێرشەکانی مانگی رابردووی تورکیاوە، هێزەکانیان هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە. گوتیشی: "دەبێت ناوچەکە بە سەقامگیریی بمێنێتەوە، تاوەکو بتوانین لەگەڵ هاوبەشە خۆجێیەکانمان لە ناوچەکە کار بکەین و رێگریش بکەین لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بەڵام لەگەڵ ئەوەش تورکیا هاوپەیمانێکی نزیکی ناتۆیە و بەردەوامیش دەبین لەوەی نزیکەوە لەگەڵ تورکیا کار بکەین." 

 

دەستپێکردنەوەی گەڕە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و هەسەدە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە 10ی کانوونی یەکەم، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی ڤلادیمیر پووتین بە تەلەفۆن قسەیکرد و لە میانی ئەو گفتوگۆیەش، ئەردۆغان داوای لە پووتین کردووە کە رووسیا کار بکەن بۆ کشانەوەی شەڕڤانانی هەسەدە لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری سووریا بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر. 

 

رۆژی 20ی تشرینی دووەمی 2022، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی فراوانی بۆ سەر ژمارەیەک بنکەی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا ئەنجامدا و بەوهۆیەشەوە، 59 کەس گیانیان لەدەستدا کە 16 کەسیان خەڵکی سڤیل بوون و 19ی دیکەشیان شەڕڤانی هەسەدە بوون و 24یشیان سەربازی سوپای سووریا بوون. 





ئەم هەواڵە 232جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad