ZNA - ههولێر
بهریتانیا دەڵێت پلانی داناوە یاسایەکی نوێ پێشنیار بکات بۆ ڕێگریکردن لەو کۆچبەرانەی کە بە کەناڵی ئینگلیزدا دەپەڕنەوە بۆ وڵاتەکە، لە کاتێکدا کە حکومەتی بهریتانیا هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی زیادبوونی گەیشتنی کۆچبەران بکات بە بەلەمی بچووک لە کەناراوەکانی باشوورییەوە.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ڕێی کەناڵی ئینگلیزەوە دەگەنە بهریتانیا لە دوو هێندە زیاتر بووە، بەپێی ژمارەکانی حکومەت، ئەلبانییەکان زۆرترینن لە نێو ئەوانەدا کە لەو ڕێیەوە دەگەنە بهریتانیا.
سەرۆک وەزیری بهریتانیا ڕیشی سوناک ستراتیژییەکی نوێی پێنج خاڵی ڕاگەیاند بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچی نایاساییدا، لەوانەش پلانەکان بۆ ڕەوانەکردنەوەی خێرایی پەناخوازانی ئەلبانی، هەروەها سڕینەوەی کەیسی نزیکەی 150,000 پەناخواز تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو، ئەوەش لە ڕێی دوو هێندەکردنی ئەو کارمەندانەوە کە کار لەسەر کەیسەکان دەکەن.
سوناک بە پەرلەمانی وت " ئەگەر بە شێوەیەکی نایاسایی بێیتە ناو بهریتانیاوە ئەوا نابێت بتوانیت لێرە بمێنیتەوە. لە جیاتی ئەوە دەستبەسەر دەکرێیت و بە خێرایی ڕەوانە دەکرێیتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆت یاخود وڵاتێکی پارێزراو کە کەیسەکەت تیایدا تاوتوێ بکرێت."
ئەو کۆچبەرانەی کە بە بەلەمی بچووک دەگەنە بهریتانیا بوونەتە دۆسییەکی سیاسیی گەورە بۆ حکومەتەکەی پارێزگارانی بهریتانیا، بە تایبەتی لە ناوچەکانی چینی کرێکاراندا لە باکوور و ناوەڕاستی بهریتانیا، کە لەوێ کۆچبەران لۆمە کراون لەسەر ئەوەی دۆزینەوەی کارییان قورستر کردووە.
سوناک وتی یەکەیەکی نوێ پێکدەهێندرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەڕینەوەکاندا، لە داهاتووشدا کۆچبەران لە هۆتێلەکان دانانرێن بەڵکو لە شوێنەکانی پێشووی نیشتەجێبوونی خوێندکاران و شوێنە سەربازییە زیادەکان و ئەو پارکانە دادەنرێن کە بەکارناهێندرێن.
وەزیری ناوخۆی بهریتانیا سوێلا برەیڤمان لەمدواییانەدا شەپۆلی گەیشتنی کۆچبەرانی بە " داگیرکاری " ناوبرد و زۆربەی کۆچبەرانی بە " تاوانبار " ناوبرد، ئەوەش بووە هۆی وەڵامدانەوەیەکی توند لەلایەن سەرۆک وەزیری ئەلبانیا ئێدی ڕاماوە.
سوناک وتی لە مانگەکانی داهاتوودا هەزاران ئەلبانی ڕەوانەی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە.
حکومەتەکانی پێشووی بهریتانیا بەڵێنیاندا بوو گەیشتنی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک ڕابگرن. سەرەڕای ئەوەش لەم ساڵدا 44,867 کەس بە بەلەمی بچووک بە کەناڵی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە و گەیشتوونەتە بهریتانیا.
سوناک وتی خەڵکەکە " مافی خۆیانە توڕە بن " و وتیشی سیستمەکەی ئێستا دادپەروەرانە نیە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە کەیسێکی ڕاستەقینەیان هەیە بۆ مانەوە.
وتی " ئەوە دڕندەیی و نا میهرەبانی نیە بتەوێت تۆڕی باندە تاوانبارەکان بشکێنیت کە بازرگانی بە پەژارەی مرۆڤەوە دەکەن."
voa
ئەم هەواڵە 235جار خوێندراوەتەوە |