ZNA-هەولێر ئامارە ئابوورییەکانی چین بۆ مانگی 11 بازرگانانی نەوتی بێ هیوا کردووە و بەپێی ناوەندی ئاماری چین، کەرتی وردەفرۆشی ئەو وڵاتە پاشەکشەی کردووە و گەشەی کارگەکانیش کەمتر بوون لە ئاستی پێشبینییەکان کە ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان نیگەران بن لەسەر قەبارەی خواستی چین بۆ نەوتی خاو.
کاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 69 سەنت دابەزی و بە 82 دۆلار و دوو سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 78 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە ساڵی 2022 دا خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل کەمیکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئاژانسەکە پێشبینیکردووە خواستی ئەو وڵاتە بۆ نەوت ساڵی داهاتوو لەبەر ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ بەرزبێتەوە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت، بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی یەدەککراوە لە ئەمریکا بە بڕی 10 ملیۆن بەرمیل.
ئەم هەواڵە 157جار خوێندراوەتەوە |