ZNA- هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەرکرانی وڵاتەکەی لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی نەتەوەیەکگرتووەکان بە بڕیارێکی سیاسی و نایاسایی دەزانێت.
ناسر کەنعانی بە ئاماژە کردن بەوەی ئێران لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا دوو خول ئەندامی کۆمیسیۆنی پێگەی ژن بووە و لە دوایین هەڵبژاردنیشدا بۆ سێهەم جار بووەتەوە بە ئەندام جەختی کردووەتەوە کە هەوڵی ئەمریکا بۆ دەرکرانی ئێران، هەوڵێکی سیاسی و نایاسایییە بۆ سەپاندنی ویستی سیاسی و تاکلایەنەی ئەمریکا و پشتگوێ خستنی ڕەوتی هەڵبژاردن لەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەدا.
بە گوتەی کەنعانی دەرکرانی ئەندامێکی کۆمیسیۆنی پێگەی ژن دەبێتە هۆی دروست بوونی ڕەوتێکی تاکلایەنە کە لە داهاتووشدا کەڵکی خراپ لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەردەگرێ و ویستە سیاسییەکانی خۆی دەسەپێنێت.
ئەم هەواڵە 265جار خوێندراوەتەوە |