ZNA - ههولێر پێش ئەوەی ئاژانسی چاودێریی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی تاران بکات، ئێران رایگەیاند، تواناکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم زیادبوون و گەیشتوونەتە ئاستێکی پێوانەیی.
میدیای فەرمی ئێران لە زاری محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران بڵاویکردەوە، "لەم کاتەدا، توانای وڵاتەکەمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەراورد بە تەواوی مێژووی ئەم پیشەسازییە، زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە."
ڕۆژی شەممە، 17-12-2022, سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، "بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی و هێزی ئەتۆمی سوودی ئابووریی گەورەیان بۆ وڵات هەیە، هەروەها کاریگەرن لە کەمکردنەوەی بەکاربردنی سووتەمەنییە بەبەردبووەکان و نەریتییەکان و کاریگەرییە ژینگەییەکانیان."
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو، تیمێكی تەکنیکی رۆژی یەکشەممە سەردانی ئێران دەکات بۆئەوەی هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو بنبەستە بدەن، کە بەهۆی دۆزینەوەی شوێنەواری یۆرانیۆم لە سێ شوێن کە ئێران پێشتر باسی نەکردبوون، دروستبووە.
ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە رۆڵی چاودێر بەسەر وڵاتانەوە دەبینێت، داوای لە ئێران کردووە هۆکاری هەبوونی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەو سێ شوێنە روونبکاتەوە، داواشیکردووە رێگە بە پشکنەرەکانی بدات سەردانی شوێنەکە بکەن.
ئێران لە 9 ی کانوونی یەکەم، گوتی ئەو پاشماوانەی لەو سێ شوێنە دۆزراونەتەوە، لە دەرەوە بردراونەتە ئێران.
ئەم هەواڵە 199جار خوێندراوەتەوە |