ZNA - ههولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە ھەوڵدەدەن لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی ستراتیجییدا، بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانیان لەگەڵ ئەمریکا پتەوتر بکەن، بۆ ئەو مەبەستەیش شاندێک بەسەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی عیراق سەردانی واشنتۆن دەکات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ رێکخەری کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە کۆشکی سپی، برێت ماکگۆرک ئەنجامداوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، برێت ماکگۆرک پشتگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ سەقامگیریی، ئاسایش و سەرەوریی عێراق دووپات کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەیشداوە کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن خواستی ھەیە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن پتەوتر بکات.
باسی لەوەش کردووە کە محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق دەوڵەتێکی یەکگرتوو، سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییە، ھەروەھا کارە لەپێشینەکانی حکوومەتەکەیان پاراستنی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ و دروستکردنی ھاوبەشە ئابووریەکانە لە ناوچەکە و جیھاندا.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ھەردوولا رێککەوتن لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بەھەوڵەکانیان لە پێناو گرنتیکردنی لەناوبردنی یەکجارەکی داعش و پشتگیریکردنی رۆلی عێراق لەسەر ئاستی ھەرێمیی بۆ دروستکردنی پردی نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە کە ھەوڵدەدەن لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی ستراتیجییدا، بەرژەوەندیی ھاوبەشەکانیان لەگەڵ ئەمریکا پتەوتر بکەن، بۆ ئەو مەبەستەیش شاندێک بەسەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی عیراق سەردانی واشنتۆن دەکات، ھەروەھا شاندەکە لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا گفتوگۆ دەکات لەبارەی وەبەرھێنان، وزە و بەرنگاربوونەوەی کاریگەریەکانی گۆڕانی ئاووھەوا.
AA
ئەم هەواڵە 307جار خوێندراوەتەوە |