ZNA – هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێش پێکهێنانی حکومەت رێککەوتن کراوە لەبارەی پشکی هەرێم لە بوجدەی گشتیدا، ئەوەی پوێستە لە سەر هەرێم لەبارەی بڕی فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەیەوە شەفافبێت، چونکە پشکی هەرێم لەسەر ئەمە بەندە".
رۆژی دووشەممە، 19-12-2022، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تەلەفیزیۆنی فەرمی عێراقی راگەیاند، هەموو جومگەکانی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.
كازمی گوتیشی ، بڕیار بوو پێش پشووی یاسادانان زووتر بودجە تەواو بکرێت، بەڵام دواکەوت، هەرچەندە جومگە گرنگەکانی لە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی تەواو بوون.
ئەو راشیگەیاند: ، پێداچوونەوەیەک لەناو ئەنجوومەنی وەزیران هەیە بۆ دەستکاریکردن لە بودجەدا، ئەویش دۆسیەی وانەبێژان و مووچەی هەندێک بەش و پسپۆڕی دیکە لە بودجەدا جێگیرکراوە و هاوکارییەکی راستەقینە هەیە بۆ تێپەڕاندن و پەسەندکردنی بوودجەدا و هیچ گرفتێک لەلایەن لایەنەکانەوە درووست نەکراوە.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەروو، پێویستە لە پەسەندکردنی بودجەدا پەلە نەکرێت و پێدەچێت پەسەندکردنەکە بکەوێتە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی ئایندەوە.
كازمی ئاشکرا کرد، بودجەی پارێزگاکان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان دابەشکراوە و بڕیاری لەسەر دراوە و نۆ ترلیۆن دیناری عێراقی دەخرێتەسەر بودجەو بۆپارێزگاکان تەرخان دەکرێت.
ئەم هەواڵە 523جار خوێندراوەتەوە |