English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەریتانیا دەیەوێت بەزووترین کات دەست بە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا بکات
2022-12-20 [03:46 AM]

ZNA- هەولێر


ژمارەیەک چالاکڤان و کۆچبەر لەبەردەم باڵەخانەی دادگەی باڵای بەریتانیا لە لەندەن گردبوونەوە، ئەوان تووڕەن لە بڕیاری بە یاساییکردنی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا. 

 

رۆژی دووشەممە، 19ی کانوونی یەکەمی 2022، دادوەرانی دادگەی باڵای بەریتانیا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیاندا لەبارەی بەرنامەی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا و رایگەیاند: "ئەوە کارێکی یاساییە."

 

جەیمس ولسن، چالاکڤانی بواری کۆچبەران لەبەردەم باڵەخانەی دادگەی باڵای بەریتانیا دەڵێت "ئێمە دڵگرانین بەم بڕیارە و دەبێ خۆمان رێکبخەینەوە و بیر لە هەنگاوی داهاتوو بکەینەوە. ئێستاش نیگەرانی دۆخی ئەو سەدان هەزار کۆچبەرەین کە مەترسی ناردنیان لەسەرە بۆ رواندا."

 

بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی بەریتانیا و رواندا کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ واژۆ کرا.. پلانی بەریتانیا بۆ کۆچبەران ئەوەیە رەوانەی رواندایان بکات و لەوێوە هەڵسەنگاندن بۆ کەیسی وەرگرتنیان بکات. ئەو رێککەوتنەش ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەنایاسایی چوونەتە نێو خاکی بەریتانیاوە.

 

لە بەرامبەردا رواندا رایگەیاندووە لەقۆناخی یەکەمدا دەتوانن نزیکەی هەزار کۆچبەر وەربگرن، بەڵام لە ئایندەدا دەتوانن ژمارەی وەرگرتنی کۆچبەران زیاتر بکەن. 

 

دەسەڵاتدارانی بەریتانی و رواندی هەردووکیان خۆشحاڵن بە بڕیارەکەی دادگەی باڵای بەریتانیا و دەشیانەوێت بەزووترین کات پرۆسەکە دەستپێبکات. 

 

سوێلا برەیڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت "ئەم بڕیارەی دادگە، رەوایەتیی دەداتە کارە هاوبەشەکەمان لەگەڵ رواندا. هەر ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ هاوتا رواندییەکەم کرد و هەردوولا سووربوونی خۆمان دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەم بەرنامەیە جێبەجێ بکەین و ئەمەش ویستی زۆرینەی گەلی بەریتانیایە. تازووتر دەستپێبکەین دەتوانین کۆتایی بەم پەڕینەوە نایاسایی و مەترسیدارەی نۆکەندی ئینگلیز بهێنین."

 

هەروەها ئالیان مۆکۆرالیندا، گوتەبێژی حکومەتی رواندا ئاماژە بەوە دەدات "لەسەرەتای ئەو رێککەوتنە، رواندا ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە و نزیکەی شەش مانگی زیادەشمان لەبەردەم بووە بۆ ئەوەی زیاتر ئامادە بین، لەبەرئەوەی ئەگەر سبەی فڕۆکەکە بگات ئێمە پێشوازی لێدەکەین، بەڵام جارێ نازانین چەند دێن، ئەوەشیان بڕیاری حکومەتی بەریتانیایە."

 

بڕیارەکەی دادگەی باڵای بەریتانیا لەکاتێکدایە، حکومەتی بەریتانی رایگەیاندووە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا تاکە چارەسەرە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەپۆلی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان. بەگوێرەی ئامارێکی حکومەتی بەریتانیاش لەسەرەتایی ئەمساڵەوە نزیکەی 44 هەزار کۆچبەر لە رێگەی بەلەمەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.





ئەم هەواڵە 196جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad