ZNA-هەولێر بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا و توانی ئاستی 1800 دۆلار تێبپەڕێنێت.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئێستا بە 1819 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتووش بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە بۆ 1828 دۆلار.
دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ژاپۆن دەستی بە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی کرد، سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی حکومەتی بەرزکردەوە و بەهای یەنی ژاپۆنی بەرامبەر بە دۆلار بەرزکردەوە، ئەوە بووە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لەم هەفتەیەدا، بازرگانانی ئەو کانزا ستراتیژییە نادڵنیان لە هەنگاوەکانی بانکە ناوەندییەکان کە رایانگەیاندووە، درێژە بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەدەن و ئەوەش دەتوانێت رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ بکات.
ئەم هەواڵە 163جار خوێندراوەتەوە |