|
تاران – ZNA بەڵگەفیلمی سینەمایی "دەروازەی خەونەکان" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد نگین ئەحمەدی و لە بەرهەمهێنانی ئیلاهە نەوبەخت لە بەشی پێشبڕکێی "نەوەکان" لە حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا وەرگیرا.
ئەم فیلمە کە بەرهەمهێنانەکەی زیاتر لە شەش ساڵی کات خایاندووە، چیرۆکی کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێڕاکەی دەچێتە ناو کچە شەڕڤانەکانی کۆبانییەوە؛ کچانێک کە نە تەنیا لەگەڵ داعش، بەڵکوو بۆ جیهانی خۆیانیش شۆڕشیان کردووە.
ئەمجارە، خودی فیلمساز و کامێڕاکەی هاوڕێی دەبن لە ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ جیهانی دەورووبەری ژنانی خەباتکار و ئەو بایخانەی کە شەڕی بۆ دەکەن.
بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە بەڵگەفیلمە سینەماییە، لە ئەستۆی ڕێکخراوەی سینەمایی "تەسویر گوستەر ئیلاهەی پارسی" (ئیلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو ئیلاهە نەوبەختە.
ئەمە سێیەمین ئامادەبوونی ئیلاهە نەوبەخت وەکوو بەرهەمهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین دێتەئەژمار؛ ساڵی پاریش ئەو بە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی "رۆژی سێو" (روز سیب) The Apple Day لە دەرهێنانی مەحموود غەفاری لە بەرلینالە ئامادەبوو.
حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین بە بەرپرسیاری خاتوو ماریتێ ریسێنبێک و بە دەرهێنانی هونەری کاڕلۆ چاتریان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی "سەرەکی"، بەشی پێشبڕکێی "نەوەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فۆڕم"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم"، بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلم" و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی "پانۆڕاما"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی "نمایشی سینەمای کلاسیک" و ... لە رۆژانی 16 تا 26ی شوباتی 2023 لە شاری بەرلین لە بەڕێوەدەچێت.
مەنسوور جیهانی
ئەم هەواڵە 298جار خوێندراوەتەوە |