ZNA – هەولێر
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەڕەشە لە رۆژنامەنوسانی ئێرانی دەکات و دەڵێت، "تەنانەت یەک رۆژیش دژ بە دەسەڵات کارتان کردبێت یان بیکەن، لێپێچینەوە و لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێن."
رۆژی سێشەممە 20-12-2022، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رایگەیاند: "هەر یەک لە ئێوەی میدیاکار یەک رۆژ کاری میدیاییتان دژ بەم دەسەڵاتە کردبێت یان ئێستا بتانەوێت بیکەن، ئەوا نۆرەتان دێت و سزاتان دەدەین."
هەڕەشەكەی قائانی لە ساڵیادی کۆچی دوایی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران دێت و كە گوتی، "ئێوە نازانن کەوتوونەتە چ بارودۆخێکەوە، رۆژێک دێت تا چاو دەکەنەوە دەبینن یەک شتتان نەماوە."
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رووی دەمی کردە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند، "بە راشکاوانە دەڵێم، هەر کاتێک ئەمریکا گوشارەکانی زیاتر بکات و رژێمی زایۆنیستی گوشارەکانی زیاتر بکات، بەبێ هیچ دوودڵییەک گوشارەکانی سەریان بە پشتیوانی خودا، دوو هێندە دەکەین."
ماوەی سێ مانگە خۆپیشاندانە لەئێران، بە گوتەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێرانی، تائێستا لانیکەم 471 کەس لەخۆپیشاندانەكانی ئەو ووڵاتە کوژراون لە ناویاندا دەیان منداڵ و مێرمنداڵ هەن، زیاتر لە 14 هەزار کەسیش دەستگیرکراون کە هەندێک سەرچاوە باس لە 18 هەزار دەستگیرکراو دەکەن.
ئەم هەواڵە 229جار خوێندراوەتەوە |