ZNA - ههولێر
بە تۆمەتی پلاندانان بۆ پێدانی کەلوپەلی سەربازیی پێشکەوتوو بە ئێران لە بەرامبەر سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیدا، وەزیری بەرگری بهریتانیا بێن واڵاس رووسیای تۆمەتبار کرد. داواشی لە ڕۆژئاوا کرد کاری زیاتر بکەن بۆ ئاشکراکردنی ئەو ئاڵوگۆڕە.
واڵاس وەکو بەشێک لە بەیاننامەکەی سەبارەت بە جەنگەکەی رووسیا و ئۆکرانیا، بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وت " ئێران بووەتە یەکێک لە پشتیوانیکارە سەرەکییەکانی رووسیا."
وتیشی " لە بەرامبەر پێدانی زیاتر لە 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کامیکازیدا، رووسیا ئێستا بە نیازە کەلوپەلی سەربازیی پێشکەوتوو بدات بە ئێران، بەو کارەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە. دەبێت ئەو ڕێککەوتنە ئاشکرا بکەین. لە ڕاستیدا ئێستا من ئاشکرام کرد."
واڵاس وردەکاری نەدا لەسەر جۆری ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی کە دەڵێت رووسیا دەیەوێت بیدات بە ئێران. وەزارەتی بەرگری رووسیا و وەزارەتی بەرگری ئێران تاوەکو ئێستا لێدوانیان لەسەر لێدوانەکانی واڵاس نەداوە.
بهریتانیا و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا یارمەتی سەربازیی ئۆکرانیایان داوە لە ماوەی داگیرکارییەکەی رووسیادا، کە مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات و دەڵێت ئامانج لێی لە ناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستەکانی ئەو وڵاتەیە.
بهریتانیا و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا سزایان بەسەر بەرپرسانی سوپای ئێران و کۆمپانیاکانی بەرگری ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، کە باوەڕ وایە ئەو کەس و لایەنانە دەستیان هەبووبێت لە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ رووسیا.
voa
ئەم هەواڵە 190جار خوێندراوەتەوە |