ZNA-هەولێر رۆژی پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ بەرزبووەوە؛ نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان لە ساڵی داهاتوودا خواستی بۆ کڕینی زێڕ زیادکردووە کە بەردەوام وەک سامانێکی سەلامەت بۆ وەبەرهێنان هەژمار دەکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-12-2022 نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە بۆ 1818 دۆلار. نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕیش لە گرێبەستەکانی داهاتوو هەروەها بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بە 1827 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بازاڕی زێڕ ئێستا چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی چەندین ئامارە وەک ئاماری پەیوەست بە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا کە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. هەروەها ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسانی مانگی 11 کە بەهەمان شێواز کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.
هەرچەندە نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە ئابووریی جیهان نرخی زێڕی لە ئاستێکی بەرزدا راگرتووە، بەڵام هەوڵ و سیاسەتی بانکە ناوەندییەکان لە ئەوروپاوە بگرە تاوەکو بەریتانیا و وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانی دیکەی جیهان ئاراستەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕی سنووردار کردووە.
ئەم هەواڵە 166جار خوێندراوەتەوە |