ZNA - ههولێر
مەولود چاوشئۆغڵو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یەمەن، ئەحمەد عەوەز بن موبارەک لە ئەنقەرە لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا سەبارەت بە بڕیاری بزووتنەوەی تاڵیبان بە هەڵپەساردنی خوێندنی کچان لە زانکۆکان، ئاماژەی بەوە دا کە بوونی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ئەفغانستان بەردەوامە و گوتی: "تورکیا پشتگیری لە کەرتی پەروەردە کردووە لەو وڵاتە و وێڕای تەواوی مەترسییەکانیش خاوەنکارانی تورک بەردەوامن لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان لە ئەفغانستان".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی بڕیاری رێگەگرتن لە خوێندنی کچان لە زانکۆکانی ئەفغانستان، رایگەیاند: "ئەم قەدەغەکاریییە نە ئیسلامییە و نە مرۆیی. ئەم جۆرە قەدەغەکارییە رەت دەکەینەوە، ئەمە بەقوڵی ئێمەی نیگەران کردووە. هیوادارین چی زووە واز لەو بڕیارە دەهێندرێت. خوێندنی کچان چ زیانێک بە ئەفغانستان دەگەیەنێت؟ بە پێچەوانەوە ئیسلام هانی خەڵک دەدات بخوێنێت. چاوەڕوانیمان لە تاڵیبان ئەوەیە واز لەو بڕیارە بهێنێت".
مەولود چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بەوەی کە چەندین ئەفغانستانی لە تورکیا بە سکۆڵارشیپ دەخوێنن، گوتی: "چەندین کچی ئەفغانستانی لە تورکیا دەخوێنن. سەلگەی ئیسماعیلهیل یەکێکە لەوان کە لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی هاجیتەپە دەخوێنێت. ئەم کچەمان کە بوو بە پزیشک چ زیانێک بە گەلی ئەفغانستان دەگەیەنێت؟ مامۆستایەک و پەرستارێکی ژن چ زیانێک بە ئەفغانستان دەگەیەنن؟".
AA
ئەم هەواڵە 172جار خوێندراوەتەوە |