ZNA - ههولێر
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بە سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی راگەیاند: "پێویست ناکات نیگەران بن، لە پاڵ ئۆکراینا دەوەستین".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە ٢٤ی شوبات لە واشنتۆن لەگەڵ جۆ بایدن کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە کۆشکی سپی لێدوانی دا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بایدن ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ژێرخانە گرنگەکانی ئۆکراینا بە ئامانج دەگرێت و پەرەی زیاتری بە شەڕەکە داوە.
جۆ بایدن رایگەیاند کە ٣٠٠ رۆژە گەلی ئۆکراینا خۆشەویستی خۆیان بۆ وڵاتەکەیان و ئیرادەی نەگۆڕی خۆیان نیشانی رووسیا و جیهان دەدەن.
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا رایگەیاند کە گەلی ئەمریکاش ئیلهامیان لە ئیرادەی ئۆکراینییەکان وەرگرتووە و پشتگیری لە هاوکارییەکانی حکوومەتی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەکەن.
جۆ بایدن رووی لە ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی کرد و گوتی: "جەنابی سەرۆک، پێویست ناکات نیگەران بن، لە پاڵ ئۆکراینا دەوەستین".
AA
ئەم هەواڵە 919جار خوێندراوەتەوە |