ZNA – هەولێر
حکومەتی کۆریای باکوور رایگەیاند، هیچ جۆرە چەکێکیان نەداوەتە کۆمپانیای ڤاگنەری سەربازی رووسی و ئەو دەنگۆیانەی باسی ئەو بابەتە دەکەن دوورن لە راستییەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور، لە لێداونێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی کۆریای باکوور (KCNA) رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنەکانی ژاپۆن بڵاوبوونەتەوە و باس لەوە دەکەن کە گوایا کۆریای باکوور چەکی داوەتە رووسیا بێ بنەمان.
گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوە گوتیشی، "پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی سەرنج بخاتە سەر "تاوانەکان"ی ئەمریکا کە لەڕێی پێدانی چەکی کوشندە بە ئۆکرانیا، کە بووەتە هۆی دروستبوونی وێرانکاریی گەورە لەو وڵاتەدا و گوێ بۆ ئەو "وتە بێ بنەمایانە" نەگرێت کە باس لە بازرگانی چەک لە نێوان رووسیا و کۆریای باکوور دەکەن."
ئەو روونیشی كردەوە، کۆریای باکوور لە بابەتی بازرگانی چەک لەگەڵ رووسیا پەیڕەوی لە "هەڵوێستی بنچینەیی" خۆی دەکات و هیچ کاتێک چەکی نەداوەتە مۆسکۆ.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور راشیگەیاندووە، "بڵاوکردنەووەی هەواڵی بێنبنەما، بێبایەخترین رێگایە بۆ راکێشانی سەرنجی جیهان بۆ لایەکی دیکە."
دوێنێ لە لێدوانێکیدا جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئەوەی خستبووەڕوو کە کۆریای باکوور مانگی رابردوو، "یەکەم کۆمەڵە چەکی" رادەستی کۆمپانیای ڤاگنەری رووسی کردووە کە کۆمپانیایەکی سەربازیی رووسییە.
ئەم هەواڵە 148جار خوێندراوەتەوە |