ZNA – هەولێر
لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، هاووڵاتییەکی فەڕەنسی تەمەن 69 ساڵ، دەستڕێژی گوللـەی کرد و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی هەوڵێکی رۆژنامەی "لۆ پاریزیان"، لە شەقامی ئۆنگیای پاریسی پایتەخت، هاووڵاتییەکی فەڕەنسی، دەستڕێژی گوللـەی بەدەوری خۆیدا کردووە و سێ کەسی كوشت و سێ کەسی دیکەشی برینداركرد.
دەربارەی رووداوەکەش ئاسایشی پاریس راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە شوێنی رووداوەکە کەسێک دەستبەسەر کراوە، بۆ هاوکاری تیمەکانی فریاکەوتن و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانیش داوا کراوە ناوچەکە چۆڵ بکرێت.
داواکاری گشتی پاریس، لۆر بیکیو، ئەوەی ئاشکرا کرد، کە لێکۆڵێنەوە دەربارەی پەلامارەکە دەستیپێکردووە کە تیایدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا، ئەلیزابێس بۆرن سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و ستایشی پۆلیسیشی کرد کە توانیویانە پەلاماردەرەکە دەستگیر بکەن.
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، جیراڵد دارمانین، سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و لە میانی لێدوانێکیشیدا رایگەیاندبوو: "ئەگەر چی هێرشبەرەکە بە ئەنقەست ئەو کەسانەی کردە ئامانج، بەڵام ناتوانرێت بگوترێ کە بە تایبەتی کوردەکانی کردووەتە ئامانج".
دارمانانین ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لەو کاتەوەی وەک وەزیری ناوخۆ دەستبەکاربووە تا ئێستا، نۆ پەلامار لەلایەن راستڕەوە توندئاژۆکانەوە ئەنجام دراون و ١١ رێکخراوی راستڕەوەی توندئاژۆکانیش داخراون، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەسەر بوونی پەیوەندی پەلاماردەرەکە بەم رێکخراوانەوە، نییە.
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشدا کە لە کاتژمێرەکانی ئایندەدا روونکردنەوەی وردتر دەخەنەڕوو.
ئەم هەواڵە 166جار خوێندراوەتەوە |