ZNA – هەولێر
بەهۆی ئەو شەپۆلەی سەرماو سۆڵەو بەفربارینەوە رووی لە ئەمریکا کردووە، نزیکەی 22 کەس گیانیان لەدەستداوە، کارەبای 800 هەزار هاوڵاتیش بڕاوە و چەندین گەشتی ئاسمانیش هەڵوەشێنراوەتەوە.
ئاژانسی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، گەردەلولی زستانە رووی لە ئەمریکا کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزمببنەوە و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار بکەن.
ئاژانسەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو شەپۆلی بەفربارینەی رووی لە ئەمریکا کردووە بووەتە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا و بەوهۆیەشەوە لە ئێستادا نزیکەی 800 هەزار هاوڵاتی کارەبایان نییە.
سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئاماژەی بەوەشداوە، بەرهەمهێنانی غاز لە ئەمریکا دابەزیووە بەشێوەیەک رۆژی هەینی رابردوو 2.8 ملیۆن مەتر سێجا غاز بەرهەمهێنراوە و شەپۆلی بەفربارینەکە هۆکارە بۆ نزمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی غاز.
ئەوەش ئاشكرا كراوە، لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا ئەمە یەکەمجارە بەهۆی شەپۆلی بەفربارینەوە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بەوشێوەیە دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.
ئەم هەواڵە 265جار خوێندراوەتەوە |