ZNA : هەولێر ئامادەکردنی د.پروشە شوان- پزیشکی گشتی - پسپۆڕی خۆراک و کێش
ئەم پەتا توندەی سکچوون و ڕشانەوە ئیستا بوونی هەیە لەناوهاوڵاتیاندا بڕێکی زۆر شلەمەنی و کانزا لە جەستە دەکاتە دەرەوە. زۆر گرنگە قەرەبووی لەدەستدانی شلەمەنی و کانزاکان بکرێتەوە و دوور بکەویتەوە لە وشکبوونەوە
. هەموو شلەمەنییە سروشتییەکان و میوە و سەوزەکان دەبێت لە خواردنەکاندا جێبکرێنەوە بەڵام بەم شێوانەی لێرەدا باس ئەکرێت. لە کاتی توشبوون بە پەتای سکچوون و ڕشانەوە
: ئەو خواردنانەی لە کاتی توشبوون بەم پەتایەدا هەڵیدەبژێریت ئەبێت ئاسان بێت بۆ هەرسکردن، سووک بێت لەسەر گەدە و باشتر وایە دوربیت لە بەکارهێنانی ڕۆنی ناتەندروست و بەهاراتی تیژ و زیادە. پێویستە ژەمەکان لە شێوەی شۆربای مریشک بێ زیادکردنی زەیت یان شۆربای سەوزاواتی کوڵاو و نەعنا یان نیسک یان برنجی نەرمکراوی بێ ڕۆن بێت.
ڕۆژانە نەخۆشەکە پێویستی بە دوو لیتر یان زیاتر ئاو هەیە بە شێوەی پەرداخ پەرداخ یان هەندێک حاڵەت قوم قوم بێت چونکە پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە زۆر خواردنی شلەمەنی و ئاو زۆر بەسەریەکەوە و لە یەک کاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەکە هەست بە دڵتێکهەڵاتن یان ڕشانەوەی زۆر بکات ، لەم کاتەدا یان بە قوم زوو زوو بیخواتەوە یاخود دەتوانرێت بە شێوەی پارچە سەهۆڵ بمژرێت بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمی وهەروەها بۆ بۆ کەمکردنەوەی هەستی دڵتێکەڵهاتن
. ئەوەی گرنگە کە لە سکچون و ڕشانەوە بیرمان بێت خواردنی ئەو خۆراکانەیە کە بە پۆتاسیۆم دەوڵەمەندن گرنگترینیان: ئەڤۆگادۆ، شووتی، قەیسی، هەنار، پرتەقاڵ، مۆز، تەماتە، سپێناخ ، خەیار، پەتاتە، چەوەندەر ، نیسک، و ماسی و چەندین سەرچاوەی تر
. ماست-یش سەرچاوەیەکی باشی پۆتاسیۆمە بەڵام هەندێک جار ڕەنگە ببێتە هۆی سک ئاوسان و نارەحەتی بۆ نەخۆشەکە. یەکێک لەو گیراوە گرنگانەی بۆ ئەم پەتایە
دەتوانرێت لە سەرەتای نەخۆشیەکە سوودی لێببینرێت بریتیە لە ((پەرداخێک ئاوی شلەتێن لەگەڵ نیو لیمۆی گوشراو و کەوچکێک هەنگوینی سروشتی، کەوچکێکی چا لە خوێ.)
) (ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە باشتر وایە زۆر کەم ئەم ڕێگایە بەکاربهێنن و لە زووترین دەرفەتدا سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشکەکەیان بکەن چونکە نەخۆشانی شەکرە زیاتر و زووتر لە کەسانی تر وشکدەبنەوە لە حاڵەتی سکچون و ڕشانەوە) کاتێک سکچون و ڕشانەوەکە لە نەخۆشەکەدا زیاد دەکات و ئاوی لەش زۆر کەم دەبێتەوە و توشی وشکبونەوە دەبێت، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە و پزیشک بکات بۆ چارەسەری کتوپڕی قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانی شلە و خوێ و کانزاکان لە جەستەدا.
ئەم هەواڵە 688جار خوێندراوەتەوە |