ZNA – هەولێر
بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریدا وەرگرتنی باجی پێشوەختە لە دەروازە سنورییەکان ڕابگرێت، ئەمەش بەمەبەستی بەرەنگاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە بەرامبەر بە دینار.
بانکی ناوەندی لە نوسراوێکدا کە ئاراستەی بانکە ڕێگەپێدراوەکان کراوە ئاماژەى بەوە کردوە، بەلێکتێگەیشتن لەگەڵ دەستەی گشتی گومرگ و دەستەی گشتی باج، ئەو ڕسومات و بڕە باجەی کە لەسەر ئەو کاڵایانەی دێنە ناو عێراق لە دەروازە سنوورییەکان و پێی دەوترێت باجی پێشوەختە، رادەگرێت، ئەمەش بۆئەوەیە کە ڕێگری لە دوو باجدان بکرێت.
لەنوسراوەكەدا ئەوەش خراوەتەروو، بریارەکە بە پشتبەستنە بە بڕیاری ژمارە 351 یئەنجومەنی وەزیران بۆ ساڵی 2022 کە بریتییە لە کارکردن لەسەر کۆکردنەوەی باجی گومرگ و باجی پێشوەختە بەپێ مادەی 16 لە یاسای بودجەی گشتی دەسەڵاتی فیدراڵی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی نزیکەی دوو هەفتەیە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بازاڕەکاندا ناسەقامگیرە، بۆ ئەو مەبەستەش بانکی ناوەندی عێراق بریاریداوە چەند رێکارێکی پێویست بۆ ئەو مەبەستە بگرێتەبەر.
ئەم هەواڵە 169جار خوێندراوەتەوە |