ZNA-هەولێر نرخی نەوت بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە، بازرگانانی نەوت گەشبینن کە بەهۆی ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ لەلایەن حکومەتی چین خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو بەرزدەبێتەوە.
نرخی نەوتی برێنت 31 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 84 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
حکومەتی چین بڕیاریداوە سنوورەکانی بە رووی گەشتیاراندا بکاتەوە، ئەوەش دوای سێ ساڵ لە سەپاندنی رێوشوێنی تووند لە دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لەلایەکی دیکەوە رووسیا بڕیاریداوە لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتووەوە نەوت بە ئەو وڵاتانە نەفرۆشێت کە پابەند دەبن بە بڕیاری وڵاتانی گرووپی حەوت، ئەو وڵاتانە نرخی نەوتی رووسیایان سنووردارکردووە بە کەمتر لە 60 دۆلار.
هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بەهۆی شەپۆلی تووندی سەرما لە دوو ویلایەتی (داکۆتای باکوور) و تێکساس دابەزیوە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.
ئەم هەواڵە 154جار خوێندراوەتەوە |