ZNA-هەولێر بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-12-2022 نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.29٪ دابەزی و بە 1817 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە بە رێژەی 0.13٪ بەرزبووەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی کاڵا و کانزاکان دانا.
رۆژی سێشەممە، نرخی زێڕ بەهۆی گەشبینی بە کرانەوەی چین و بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە بە رێژەی 0.9٪ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا.
لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە دوای ئەوەی نرخی زێڕ دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی و نزیکبووەوە لە 1600 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، تاوەکو ئێستا نرخی زێڕ توانیویەتی 200 دۆلار بەرزبێتەوە.
جین ویتکۆڤ، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاری (کیتکۆ مێتاڵز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، نرخی زێڕ دەتوانێت تاوەکو 1825 دۆلار بەرزبێتەوە.
ویتکۆڤ دەڵێت، گەشبینیی بازرگانانی زێڕ بەوەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەوە بەدواوە دەستبەرداری سیاسەتی تووندی نەختی دەبێتەوە لەگەڵ کرانەوەی چین بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ و ئەوەش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە لەم هەفتەیەدا.
ئەم هەواڵە 139جار خوێندراوەتەوە |