ZNA – هەولێر
سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین، محەمەد ئیشیتییە رایگەیاند، ئیسرائیل لە ساڵی 2022 دا زیاتر لە 220 فەڵەستینی کوشتووە و 832 باڵەخانەی رووخاندووە.
لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، محەمەد ئیشیتییە، لەبارەی پێشلکاری و پەلامارەکانی ئیسرائیل لەم ساڵدا بۆسەر فەڵەستین رایگەیاند: "ئەمساڵ ساڵێکی پڕ لە ناخۆشی بوو و زیاتر لە 220 شەهیدمان داوە، زیاتر لە نۆ هەزار کەسمان لێ بریندار کراوە و شەش هەزار و 500 کەسمان لێ دەستبەسەر کراوە، هەر لەم ساڵدا ئیسرائیل 832 باڵەخانەی فەڵەستینییەکانی رووخاندووە و 13 هەزار دار زەیتونیشی دەرکێشاوە".
محەمەد ئیشیتییە، ئاماژەی بەوە دا کە فەڵەستینییەکان بەرامبەر ئەم پەلامارانە بوێری خۆیان نیشان داوە و بەرەنگاری هەر جۆرە پێشێلکارییەک دەبنەوە کە دەکرێتە سەر خاکی فەڵەستین و بە لەخۆبردووییانەیش پڕۆژەی رزگاری نیشتمانیی دەپارێزن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیش دا کە رێژەی بێکاری لە کەرتی غەززە بەهۆی گەمارۆدان و دابڕاندنییەوە گەیشتووەتە لەسەدا 46.6 ، داوای لە وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کرد بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختە بەردەوام بن لە رەوانەکردنی هاوکارییەکانیان بۆ فەڵەستینییەکان.
ئەم هەواڵە 166جار خوێندراوەتەوە |