ZNA - ههولێر
گوتەبێژی کرملین، دیمیتری پێسکۆڤ رایگەیاند، هەر پلانێکی ئاشتیی لەگەڵ ئۆکراینا، ئەگەر دان نەنێت بە لکاندنی چوار ناوچەی نوێ بە خاکی رووسیاوە، ئەوا رەتی دەکەنەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "تا ئێستا هیچ پلانێکی ئاشتیی لەگەڵ ئۆکراینا لەئارادا نییە".
گوتیشی: "هەر پلانێکی ئاشتیی لەگەڵ ئۆکراینا، ئەگەر دان نەنێت بەوەی کە ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع هەیە لەنێواندا لکاندنی ناوچەکانی دۆنێتسک، ڵوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژییا بە خاکی رووسیاوە، ئەوا رەتی دەکەینەوە".
راشیگەیاند: "هیچ پلانێکی ئاشتی کە ئەم راستییانە لەبەرچاو نەگرێت، ناتوانێت بانگەشەی ئەوەی بکەیت کە ئاشتییە".
رۆژی ٢٤ی مانگی شوباتی ٢٠٢٢، ھێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستی پێ کرد کە تا ئێستا بەردەوامە.
ھاوکات ھەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، یەکێتیی ئەورووپا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە بەھۆی ھێرشە سەربازییەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، سزایان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.
لە ٣٠ی ئەیلوولدا سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بەڵگانەمەیەکی لەبارەی لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکراینا کە برتیین لە دۆنێتسک، ڵوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژییا بە خاکی رووسیاوە واژوو کرد.
ئەم هەنگاوەی ڤلادیمیر پوتین، لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بەتوندی سەرکۆنە کرا.
AA
ئەم هەواڵە 190جار خوێندراوەتەوە |