English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نەتانیاهوو بۆ جاری سێیەم وەکو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵدەبژێردرێتەوە
2022-12-29 [06:24 AM]

ZNA-هەولێر


ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-12-2022، پەرلەمانی ئیسرائیل، ناسراو بە کنێست، بۆ متمانەدان بە کابینەکەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکی پارتی لیکود کۆدەبێتەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات، رۆژی سێشەممە 27ی ئەم مانگە، پەرلەمانی ئیسرائیل رەشنووسێکی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو سەرکردەیە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پەسند کرد.

 

پارتەکەی نەتانیاهوو لە هەڵبژاردنی 1ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن پارتێکی ئەوپەڕی ئۆرتۆدۆکسیی جوو و پارتێکی ئەوپەڕی راستڕەوەوە هاوپەیمانی کرا و لێکۆڵینڤانان دەڵێن، حکومەتی نوێی ئیسرائیل راستڕەوترین دەبێت لە مێژووی ئیسرائیلدا، کە لە 1949 دامەزرا.

 

نەتانیاهوو لە کاتێکدا دەبێتەوە سەرۆکوەزیران کە پێشتر چەندین تۆمەتی گەندەڵیی دراوەتە پاڵ، بەڵام رۆژی سێشەممە، پەرلەمانی ئیسرائیل یاسایەکی پەسند کرد، کە هەرکەس ئەگەر تۆمەتی گەندەڵیی درابێتە پاڵ، بەڵام دادگە سزای بەسەردا نەسەپاندبێت، دەتوانێت وەکو سەرۆکوەزیران بەردەوام بێت.

 

پێشبینی دەکرێت بیزالیل سمۆتریچ، سەرۆکی بزووتنەوەی ئەوپەڕی راستڕەوی زایۆنی ئاینی، ببێتە وەزیری کاروباری مرۆیی کەمپی رۆژئاوا کە لە پێشووتردا ئەو دەسەڵاتە بەدەست وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوە بوو.

 

یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی کنێست ئەوە بوو، دەسەڵاتەکانی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل زیاتر بکات، کە پێشبینی دەکرێت بێن گڤیر، وەکو وەزیرەکەی دیاریبکرێت. گڤیر هاوشێوەی هاوپەیمانەکانی دیکەی نەتانیاهوو بە کەسێکی ئەوپەڕی راستڕەو ناسراوە.

 

لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا، یاریڤ لێریڤ، گوتەبێژی کنێست دەستی لەکارکێشایەوە. لێریڤ یەکێکی دیکەیە لە دۆستەکانی نەتانیاهوو؛ پێشبینی دەکرێت ئەویش ببێتە وەزیر.

 

لە مێژووی ئیسرائیلدا نەتانیاهوو بە درێژمەوداترین سەرۆکوەزیران دادەنرێت. جاری یەکەم لە ساڵی 1996 تاوەکو 1999 سەرۆکوەزیران بووە و دواتریش ریکۆردی 12 ساڵ سەرۆکوەزیرانبوون لە 2009 بۆ 2021ی شکاندووە.

 

پێشبینی دەکرێت گرژیی زیاتر لە کەمپی رۆژئاوا دوای پێکهێنانی حکومەتە راستڕەوەکەی نەتانیاهوو دروست ببێت. ئەوەش لەبەر ئەو سیاسەتە تووندەی کە نەتانیاهوو و سەرکردەکانی دیکەی نێو حکومەتەکەی پێی ناسراون.

 

بێنی گانتز، وەزیری ئێستای بەرگریی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا باسی لە مەترسیی دروستبوونی ناسەقامگیری بەهۆی بەرنامەی سیاسیی تووندی حکومەتەکەی بنیامین نەتانیاهوو کرد. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر حکومەتی نوێی ئیسرائیل "نابەرپرسیارانە" مامەڵە لەگەڵ دۆخی کەمپی رۆژئاوا بکات، پێشبینی دەکرێت ناسەقامگیریی ئەمنی بەرۆکی ئیسرائیل بگرێت.





ئەم هەواڵە 193جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad