ZNA - ههولێر
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و هاوتا سعوودیەکەی، فەیسەڵ بن فەرحان تاوتوێی پێشهاتە هەرێمییەکان و قەیرانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینایان کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیەوە بڵاوکراوەتەوە، فەیسەڵ بن فەرحان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە سێرگی لاڤرۆڤەوە پێگەیشتووە.
ئاماژه بهوهشكراوه، لە میانی پەیوەندییەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەنگاوەکانی بەهێزکردنیان لە بوارە جیاجیاکاندا کراوە.
هەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، هەردوو وەزیر لەبارەی دوایین پێشهاتە هەرێمیی و نێودەوڵەتیی و هەوڵەکان لەبارەیانەوە، ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، دوایین پێشهاتەکانی جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا وەزیری دەرەوەی سعوودیە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی جەنگی نێوان مۆسکۆ و کێیڤ ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، ریاز هەموو هەوڵێک لەنێوان لایەنەکان دەخاتەگەڕ و پشتیوانی لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتیی بۆ چارەسەری سیاسیی بۆ قەیرانەکە دەکات.
لە ٢٤ی شوباتی رابردووەوە رووسیا هێرشی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا دەستپێکردووە، ئەمەش کاردانەوەی ژمارەیەک وڵاتی بەدوای خۆیدا هێناوە لە سەروویانەوە ئەمریکا کە زنجیرەیەک سزای ئابووری قورسی بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە.
ئەم هەواڵە 127جار خوێندراوەتەوە |