English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سرنجڕاکێشترین رووداوە وەرزشییەکانی 2022
2022-12-31 [03:38 AM]

ZNA-هەولێر


ساڵی 2022 خەریکە کۆتایی دێت، چەندین یادگاری ئەفسانەیی لە مێژووی تۆپی پێدا بەجێهێشت، ئەو ساڵە گەواهیدەری ئەفسانەیی لیۆنێل مێسی بوو لە مۆندیال، کە بۆ یەکەمجار بووە پاڵەوانی جیهان. کەریم بنزیمای فەرەنسی خەڵاتی باڵۆن دۆری بردەوە، هەروەها کۆچی دوایی پێلێی ئەفسانەی بەرازیلی لە تەمەنی 82 ساڵیدا، یەکیک بوو لە گرنگترین رووداوەکانی ساڵ. 

 

ساڵی 2022 شایەتی ماڵئاوایی دوو لە ئەفسانەکانی تێنس بوو، هەریەک لە رۆجێر فێدێرێری سویسری و سێرینا ویلیامزی خانمە تینسزانی ئەمریکی.

 

ساڵی مێسی بوو

 

لە هەژدەی کانوونی دووەمی 2022، دوای یاریی کۆتایی کە بە "ئەفسانەیی" وەسفکرا، لیۆنێل مێسی جامی مۆندیالی لە نێو هاوڕێکانیدا بەرزکردەوە، دوای ئەوەی ئەرجەنتین بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە فەرەنسای بردەوە، پاش ئەوەی کاتی ئاسایی یارییەکە و هەردوو کاتی زیادکراو بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 3-3 کۆتاییهات.

 

مێسی دواجار تاجی پاڵەوانی جیهانی لەسەرکرد، کە پێشتر هەموو ئەو نازناوانەی بەدەستهێنابوو کە دەیتوانی بەدەستیانبێنێت، واتا تەنیا لە جامی جیهانی کەم بوو، بۆیە  ئێستا لە لووتکەی ئاستی تۆپی پێدایە، کە جگە لە ئەفسانەی بەرازیلی پێلێ و دیێگۆ مارادۆنای ئەرجەنتینی زەحمەتە کەس بتوانێت رکابەری لەگەڵ بکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باشترین یاریزان لە مێژوودا.

 

کوڕە ئەرجەنتینییەکە ژمارەیەک دەستکەوەتی هەیە، لە سەرووشیانەوە مۆندیالی 2022، کۆپا ئەمریکای 2021، چوار نازناوی چامپیۆنزلیگ، ژمارەیەکی زۆر پاڵەوانێتی و جامی لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیی و یانەکان بردووەتەوە و 7 باڵۆن دۆریشی پێدراوە.

 

رۆژێک دوای بردنەوەی جامە بەنرخەکە و چاپکردنی ئەستێرەی سێیەم لەسەر درێسی ئەرجەنتین، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا مانشێتی "مێسی باشترینی مێژووە"ـی نووسی.

 

سەرکەوتنێک کە شەقامەکانی ئەرجەنتینی ورووژاند، ملیۆنان هاندەر پێشوازیان لە گەڕانەوەی سەرکەوتووانەی مێسی و هاوڕێکانی کرد.

 

 

بنزیما.. باڵۆن دۆر و وازهێنانی نێودەوڵەتی

 

"زێڕی پاک"، "بنزیمای نەمر"، "کەریم رێگەی کردەوە". هەموو ئەم وەسفانە لەسەر هێرشبەرە فەرەنسییەکە، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید گوتران، کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022ـدا بە زۆرینەی دەنگ خەڵاتی تۆپی زێڕینی وەک باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا.

 

دوای ئەوەی وەرزێکی خەیاڵی پێشکەشکرد، هێرشبەرە تەمەن 35 ساڵەکەی یانەی ریال مەدرید بووە یەکەم یاریزانی فەرەنسی لە دوای زینەدین زیدان لە ساڵی 1998 ئەو خەڵاتە بباتەوە.

 

بنزیما لە وەرزی 2021-2022 هەموو شتێکی بردەوە، چامپیۆنزلیگ، خولی ئیسپانیا، نەیشنسلیگ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا، هەروەها خەڵاتی باشترین گۆڵکار و باشترین یاریزان لە ئیسپانیا بۆ هەمان وەرز.

 

بنزیما پێنجەمین یاریزانی فەرەنسی بوو کە ئەم خەڵاتەی پێبەخشرا دوای ریمۆند کۆپا 1958، میشێل پلاتینی سێجار (1983-1984-1985)، ژان پیێر بابان 1991، و زینەدین زیدان 1998.

 

بەڵام ساڵی 2022 بەهەمانشێوە ساڵی وازهێنانی بنزیما بوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دوای ئەوەی بەهۆی پێکانەوە کە لە کاتی مەشقەکانی پێش یەکەم یاریی بۆ هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان لە قەتەر تووشی بوو، بێبەشبوو لە بەشداریکردن لە مۆندیالی قەتەر لەگەڵ.

 

ئاژاوەگێڕانی چامپیۆنزلیگ

 

لە 28ـی ئایاردا یانەی ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا لەسەر یاریگای پارکی شازادەکان لە پاریس بەرامبەر لیڤەرپوولی ئینگلیزی یاریکرد و بە ئەنجامی 1-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام ئێوارەکە لە دەرەوەی یاریگاکە ئاژاوەیەکی گەورە روویدا، پۆلیس سەدان هاندەری یانەی رێدزیان قەدەخەکرد لە چوونە نێو یاریگە، ئەمەش پرسیاری ئەوەی هێنایە ئاراوە کە ئایا پایتەختی فەرەنسا توانای میوانداریکردنی ئۆڵیمپیادی 2024ـی هەیە؟.

 

یارییەکە زیاتر لە 30 خولەک دواکەوت، کە ئەوکاتەی پێویست بوو بۆ دوورخستنەوەی ئەو جەماوەرەی لە دەرەوەی یاریگاکە کۆببوونەوە.

 

رۆژی دواتر رێکخەرانی یارییەکە لەلایەن لایەنگرانی لیڤەرپوول و میدیای بەریتانیاوە رەخنەیان لێگیرا.

 

مشتومڕەکان زیاتربوون کاتێک وەزیری ناوخۆی فەرەنسا جیرارد دارمانین هاندەرانی ئینگلیزی بەوە تۆمەتبارکرد کە هۆکاری پشت رووداوەکانن. لە لایەکی دیکەوە هاندەرانی ئینگلیزیش پۆلیسی فەرەنسایان بەوە تۆمەتبارکرد کە بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ لێشاوی هاندەران کردووە و لە هەوڵیاندا بۆ بڵاوەپێکردنی هاندەران گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە.

 

 

شەپۆلێکی گواستنەوە.. ئێمباپێ سواری نەبوو

 

دوای چەند هەفتەیەک لە بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانی دەنگۆی رۆیشتنی بۆ ریال مەدرید، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی لە 23ـی ئایاردا رایگەیاند کە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان تاوەکو ساڵی 2025 درێژ دەکاتەوە.

 

ئەستێره فەرەنسییەکه روونیکرده که بڕیارەکەی ئەستەم بوو، بەڵام "بڕیارێکی وەرزشی داوە نەک بڕیارێکی دارایی، تاوەکو پەیوەندی بە پڕۆژەیەکەوە بکات بۆ ئەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بۆ یانه پاریسییەکه بباتەوە، که تاوەکو ئێستا تامی ئەو نازناوەی نەکردووه".

 

کیلیان ئێمباپێ، کە گۆڵکاری مۆندیالی 2022ـی قەتەر بوو بە تۆمارکردنی 8 گۆڵ، ئاشکرایکرد کە لەو کاتەدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا و نیکۆلاس سارکۆزی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا قسەی کردووە پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی خۆی بدات".

 

ئەو دوو سەرۆکە ئامۆژگارییان کرد کە لە پاریس بمێنێتەوە، ئێمباپێش گوتی "پڕۆژەی پاریس سانجێرمان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، یانەکە دەیەوێت زۆر شت لەسەر ئاستی وەرزشی بگۆڕێت، ئەمەش بەڕاستی ئارەزووی بەردەوامبوونی پێبەخشیم، چونکە پێموایە چیرۆکەکەم لێرە کۆتایی نەهاتووە". 

 

هێرشبەرە تەمەن 24 ساڵەکە، کە چەند مانگێک دڵنیایی ئەوەی بە مەدریدییەکان دابوو کە دەچێتە ئەو یانەیە، بە پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکەی بووە هۆکاری ئەوەی ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی نەرویجیش دەرفەتی چوونە ریال مەدرید لەدەستبدات، کە دواتر رووی لە یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی کرد. 

 

کۆچی دوایی ئەفسانە

 

پێلێ، ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل، کە لەلایەن زۆر کەسەوە بە باشترین یاریزانی تۆپی پێ هەموو سەردەمەکان دادەنرێت، رۆژی 29ـی12ـی2022 لە تەمەنی 82 ساڵیدا دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەی کۆڵۆن کۆچی دواییکرد، کە ژمارەیەک منداڵ و نەوەکانی رۆژانی جەژنی کریسمسیان لەگەڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی ساوپاولۆ بەسەربرد.

 

ماڵئاوایی فێدێرێر و سێرینا 

 

ساڵی 2022 ساڵێکی ناخۆش بوو بۆ وەرزشی تێنس، چونکە دوو لە ئەفسانە گەورەکانی ماڵئاواییان لە یاریگەکانی تێنس کرد. یەکەمیان رۆجێر فێدرێری سویسری کە بەهۆی پێکانەوە لە ئەژنۆیدا نەیتوانی بەردەوام بێت، لە مانگی ئەیلوولدا و لە تەمەنی 41 ساڵیدا وازی لە یاریکردن هێنا، دوای ئەوەی لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا 20 نازناوی گەورەی بەدەستهێنا، کۆی گشتی نازناوەکانی 103 نازناو بوو، کە زیاتر لە 130 ملیۆن دۆلار پارەی خەڵاتەکانی وەرگرتووە. دوایین یاری خۆی شانبەشانی رکابەر و هاوڕێی رافایێل نادالی تێنسانی ئیسپانی لە رکابەریی دووانەی جامی لاڤەر ئەنجامدا.

 

ئەو دوو یاریزانە لە دیمەنێکی کاریگەردا لە کاتی رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە یاریگەکان شانبەشانی یەکتر گریان. 

 

دووەمیشیان سێرینا ویلیامزی خانمە تێنسزانی ئەمریکی بوو، کە سەرەڕای ئەوەی رەتیکردەوە وشەی "وازهێنان" بەکاربهێنێت، بەڵام پێدەچوو دوابەشداری خۆی لە پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکا ئەنجامدابێت. ئەم خانمە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەکرد کە دەیەوێت دوور لە تێنسیش گەشە بکات، دوای ئەوەی 23 نازناوی گەورەی بەدەستهێنا. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فۆربێس، سامانەکەی لە ساڵی 2022ـدا گەیشتووەتە 260 ملیۆن دۆلار.

 

 

جۆکۆڤیچ دیپۆرتکرایە

 

لە مانگی یەکی ساڵی 2022 ساڵەکە بە رووداوێکی بەنێوبانگ دەستیپێکرد، کاتێک نۆڤاک جۆکۆڤیچی تێنسزانی سربی لە ئوسترالیا دیپۆرتکرایەوە، لەوێ گەشتێکی بۆ مێلبۆرن کرد بەو هیوایەی بەرگری لە نازناوەکەی بکات و دەیەمین نازناوی ئوسترالیای کراوە بەدەستبهێنێت، بەڵام ڤیزاکەی هەڵوەشایەوە، چونکە ڤاکسینی کۆرۆنای وەرنەگرتبوو، هەر بۆیەش پابەند نەبوو بەو یاسایانە و نەیتوانی بەشداری بکات.

 

پێش ئەوەی لە وڵات دووربخرێتەوە، لە هۆتێلێکدا راگیرابوو کە پەنابەرانی تێدا نیشتەجێ بوون. هەروەها بەهەمان هۆکار رێگری لێکرا کە گەشت بکات بۆ نیویۆرک، ئەمەش وایکرد بەشداری لە پاڵەوانێتی تێنسی ئەمریکای کراوەشدا نەکات، دوای ئەوەی لە مانگی تەمموزدا حەوتەمین نازناوی لە ویمبڵدۆن بەدەستهێنا.

 

سکانداڵی ئۆڵیمپیادی پەکین

 

مانگی شوباتی ساڵی رابردوو شایەتی سکانداڵێکی ماددە وزەبەخشە قەدەخەکراوەکان بوو لە ئۆڵیمپیادی زستانەی پەکین، کاتێک کامیلا ڤالیێڤا هەرزەکار سەرنجێکی زۆری لە پەکین دزی، و ئەو کچە رووسییە تەمەن 15 ساڵە بووە یەکەم خانم کە لە پێشبڕکێ چوار بازدا گەورەترین ریکۆردی لە مێژووی ئۆڵۆمپیاددا تۆمارکرد، میدالیای زێڕی بۆ رووسیا بەدەستهێنا، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەو خانمە دەرمانی وزەبەخشی قەدەخەکراوی بەکارهێناوە، دوای ئەوەی ئەنجامەکانی پشکنینەکەی بە پۆزەتیڤ گەڕایەوە و دەرکەوت کە  دەرمانی "تریمیتازیدین"ـی بەکارهێناوە و قەدەخەیە بۆ وەرزشوانان، چونکە بەرگەگرتن بەرزدەکاتەوە. 

 

هەرچەندە میدیاکانی رووسیا ئەوکاتە بڵاویانکردەوە کە ڤالیڤا لە هەمان کوپ لەگەڵ باپیرەی ئەو دەرمانەی خواردووەتەوە کە دەرمانی نەخۆشییەکانی دڵ دەخوات، بەڵام ئەوە نەبووە پاساو و سزادرا.

 

لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، لە مانگی شوباتدا، بووە هۆی دوورخستنەوەی وەرزشوانەکانی رووسیا و هاوپەیمانە بیلاڕووسیەکانیان، لە هەمووشیان گەورەتر هەڵبژاردەی تۆپی پێی رووسیا بوو، کە بەو هۆکارەوە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر دوورخرایەوە.





ئەم هەواڵە 523جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad