بە گوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوی تیرۆریستیی "داعش" بەردەوامە لە گەیاندنی نامەکانی کە تا ئێستا هێزی تەواوی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانی، تا ئێستا "داعش" لەسەر پانتایی نزیکەی 4 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە بڵاو بووەتەوە، هەر لە ناوچەی چیای ئەبوڕەجمێن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تەدموور تا دەگاتە دەشتاییەکانی دێرازوور و گوندەوارەکانی ڕۆژئاوای دێرازوور، هەروەها بوونی لە دەشتاییەکانی سەخنە لە باکووری سنووری ئیدارەی پارێزگای سویدا.
ڕوانگەکە ئەوەشی زیاد کرد، داعش کردەوەکانی تەقینەوە و بۆسە و بەئامانجگرتن یان هێرشی لەناکاو ئەنجام دەدات.
ڕوانگەکە ئەوەشی خستە ڕوو، ڕێکخراوی تیرۆریستیی "داعش" لە ساڵی 2022 لە ناوچە جیاوازەکانی دەشتایەکانی سووریا زیاتر لە 101 کردەوەی ئەنجام داوە کە بوونە هۆی کوژرانی 266 کەس، 234 کەس لەو ژمارەیە لە ڕیزی هێزەکانی ڕژێم و گرووپە هاوپەیمانەکانی ڕژێمن و، 27 چەکدار سەر بە میلیشیاکانی ئێرانن و، 5 کەسیش سڤیلن.
هەروەها "داعش" بەردەوامە لە هێرشەکانی لە ناوچەکانی ژێر هەژموونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و لە ساڵی 2022 زیاتر لە 201 کردەوەی لە ناوچە جیاوازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەنجام داوە، کە بوونەتە ھۆی گیانلەدەستدانی 93 کەسی سڤیل و کوژرانی 252 کارمەندی ھێزە ئەمنییەکان.
ئەم هەواڵە 175جار خوێندراوەتەوە |