ZNA-هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لە ساڵی نوێدا، نرخی نەوت بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و لێدوانەکانی رۆژی رابردووی بەڕێوەبەری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دابەزی.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 98 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 84 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 77 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 79 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو رایگەیاند، ساڵی 2023 ئابووریی ئەمریکا، ئەوروپا و چین رووبەڕووی سستبوونەوە دەبێتەوە. بازرگانانی نەوت پێیانوایە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جۆرجێڤا رایگەیاندبوو کە 2023 ساڵێکی 'سەخت' دەبێت بەراورد بە ساڵی 2022.
لەلایەکی دیکەوە پێنوێنی دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە بەرزبووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کاڵاکان.
ئەم هەواڵە 148جار خوێندراوەتەوە |