ZNA-هەولێر دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت جێگیر بوو، ئەوەش دوای ئەوەی کە رۆژی سێشەممە دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینی.
نرخی نەوتی برێنت رۆژی چوارشەممە هاوکات لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا پێنج سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 82 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش دوو سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت رۆژی سێشەممە 3 دۆلار و 52 سەنت دابەزینی بەخۆیەوە بینی بوو. بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش سێ دۆلار و 11 سەنت.
بەو پێیەش نرخی نەوت تەنیا لە رۆژی سێشەممە بە رێژەی زیاتر لە 4٪ دابەزی و گەورەترین دابەزینی رۆژانەی لە ماوەی 3 مانگی رابردوو تۆمارکرد.
نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان و کەمبوونەوەی خواست گوشاری لەسەر نرخەکانی نەوت داناوە.
بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوو 2.2 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە و ئەوەش یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی کە نرخی نەوتی رۆژی سێشەممە دابەزاندووە.
ئەم هەواڵە 172جار خوێندراوەتەوە |