English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بۆ دابه‌زاندنی نرخی دۆلار بانكی ناوه‌ندی رێكاری نوێ ده‌گرێته‌به‌ر
2023-01-04 [02:37 AM]

ZNA-هەولێر


بانکی ناوەندیی عێراق، بۆ کەمکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، رێنوێنی و بڕیاری نوێی دەرکرد، کە بۆ هەندێک بانک 100دۆلار بە 145 هەزار و 500 دینار دەبێ.

لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕێنوێنییەکی بانکی ناوەندیی عێراقی بڵاو کردەوە، کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، بۆ کەمکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، بانکی ناوەندیی عێراقی رێنوێنی و بڕیاری نوێی دەرکردووە.

ئاماژە بەوە کراوە: "بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی سیاسەتی دراو، بانکی ناوه‌ندیی عێراق بڕیاری دا له‌ قۆناغی داهاتوودا ڕێگە بدرێت بەو بانکانەی ئارەزووی بەشداریکردنیان لە پەنجەرەی (دووده‌ریی) کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانیدا هەیە، هەر بڕە پارەیەک بە دراوی بیانی بکڕن و بیخەنە سەر هەژماری بەکارهێنراوی ئه‌م بانکە، تەنیا بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەکی، و سوود/ گەڕانەوە لەسەر ئەو باڵانسانە. دەدرێت."

جەخت کراوەتەوە، بەپێی ئەو میکانیزمەی خوارەوە، ڕێگە بەو بانکانە دەدرێ:
1- سوودی ساڵانە بە ڕێژەی 5% لەدوای کۆتایی هەر مانگێکەوە، لەسەر بنەمای کەمترین باڵانسی ڕۆژانە، کە لەلایەن بانکەوە لە ڕۆژانی مانگدا بەدەستی هێناوە لە هەژماری دیاریکراو بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەکی (ئەو گواستنەوەیانەی کە دەبێت لە ڕێگەی پەنجەرەی- نافذة-ی‌ کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی جێبەجێ بکرێت).

2- هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمی بەهێزکردنی هەژماری بانکی لەدەرەوەی وڵات بەپێی پۆلێنکردن.

3- هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی (د/ 3/ دووەم)ی کۆنتڕۆڵکردنی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی بۆ ساڵی 2021، بەپێی ئەوەش پێشتر بانکەکان ڕاسپێردرابوون پێش ماوەی پێنج ڕۆژی کارکردن لە رێكەوتی جێبەجێکردنی گواستنەوەی دەرەکییەوە (التحويل الخارجي) پارە دابنێن.

4- داواکاریی گواستنەوەی بانکی بۆ دەرەوەی وڵات لە ماوەی دوو ڕۆژی کارکردن لە رێكەوتی پێشکەشکردنی داواکاریی گواستنەوە، جێبەجێ دەکرێت.

5- ئەو باڵانسەی، کە لە هەژماره‌که‌ دیاریکراوه‌، ‌بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەکی بۆ دۆلار بەپێی نرخی ئاڵوگۆڕی 1460 دینار هەڵدەسەنگێندرێت.

6- ڕێژەی وەڵامدانەوەی داواکاریی گواستنەوەی دەرەکی، کە لەلایەن بانکه‌که‌وه‌ پێشکەش دەکرێت، دەبێت 75%، که‌ بانکی ناوه‌ندیی عێراق، لە باڵانسی ڕۆژانەی بەردەست لە ئەژمێری دیاریکراو بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەکی، دیاریی دەکات.

7- ئەو میکانیزمەی سەرەوە ئەو قەرزە دۆکیۆمێنتارییانە ناگرێتەوە، کە لە ڕێگەی پەنجەرەی (دینار- دۆلار)ەوە جێبەجێ دەکرێن، چونکە بە ڕێژەی 100% جێبەجێ دەکرێت بۆ هاندانی بانکەکان بۆ دابینکردنی دراو و پاره‌دارکردنی بازرگانیی دەرەکی لە ڕێگەی قەرزە دۆکیۆمێنتارییەکانەوە بە نرخی کێبڕکێی ئاڵوگۆڕکردن به‌ (1465) دینار بۆ دۆلار، وەک بانکی ناوه‌ندی، که‌ دۆلار بە بانکەکان دەفرۆشێت بە نرخی (1455) دینار بۆ هەر دۆلارێک لەبڕی (1460) دینار بۆ هەر دۆلارێک، بەمەرجێک قەرزی دۆکیۆمێنتاری لە ماوەی دوو ڕۆژی دەوام لە… رێكەوتی پێشکەشکردنی داواکاریی بانکه‌که‌.

کاتێک بانک بیەوێت لەو هەژمارە دەربهێنێت، کە بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی گواستنەوەی دەرەکیی دیاری کراوە، ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە وەربگیرێت، دەگوازرێتەوە بۆ هەژماری جارانی بانک، بە دراوی دیناری عێراقی.

لقی هەولێری بانکی ناوەندی جەختی کردووەتەوە، کە بۆ بانکە ئیسلامییەکان ئەو ڕێکارانە جێبەجێ دەکرێت:
ا- سوودەکە لەکۆتایی مانگدا بە پشتبەستن بە ژمارەی ئەو ڕۆژانە حیسابی بۆ دەکرێت، کە بانکەکە لە ماوەی مانگی پەیوەندیداردا دانراوە، بە پشتبەستن بە کەمترین باڵانسی بەدەستهاتوو لە ماوەی مانگەکەدا لە حسابی دیاریکراو، بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەکی و دواتر بەپێی ڕێژەی سوودی دیاریکراو، کە 5%.

ب- ئەم بانکە، وەکوو بریکاری بانکی ئیسلامی، کەمترین باڵانسی دانراو لەلایەن بانکەوە لە هەژماری دیاریکراو بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەکی لە ڕۆژانی ئەو مانگەی، کە بڕیارە سوودەکەی تێدا حساب بکرێت، دیاری دەکات و باڵانسەکە بۆ کڕینی کاڵای بازرگانی له‌ جیهانی بەکار دەهێنێت، وەک (ئەلەمنیۆم، زەیتی خورما و.. هتد) بۆ بانک لە ڕێگەی یەکێک لە پلاتفۆرمەکانی بۆرسەی جیهانییەوە و دواتر بانکەکە بە نرخێکی زیاتر لە نرخی کڕینی دەیکڕێت، لەگەڵ جیاوازییەک، کە نوێنەرایەتیی... ڕێژەی گەڕانەوەی دیاریکراو.

ئەو بڕیارانەی بانکی ناوندیی عێراق لەکاتێدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە جارێکی دیکە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ڕوو لە دابەزینە و 100 دۆلار گەیشتە 157 هەزار دینار.

 

شوان به‌رزنجی 





ئەم هەواڵە 697جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad