ZNA-هەولێر بەرهەمهێنانی گەنمەشامی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی تەنیا چوار ساڵدا 800% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 500 هەزار تۆنی ساڵانە.
زیادبوونی پڕۆژە پەلەوەرییەکان و پڕۆژەکانی ئاژەڵی شیری و گۆشتی لە هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ئەم بەرهەمەیە، چونکە گەنمەشامی وەک ئالیک بەکاردێت، بەم هۆیەوە چەندین کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیکی پەلەوەری و ئاژەڵی دامەزراون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان ساڵانی رابردوو کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئالیک زیاتر لە 400 هەزار تۆن گەنمەشامییان هاوردە دەکرد، بەڵام ئێستا گەنمەشامی ناوخۆ بوار بە هاوردە نادات و بەجۆرێک زیادیکردووە کە دەتوانێت پێویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر چەندین کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشامی لە هەرێمی کوردستان دامەزراون، هەروەها دەستەی وەبەرهێنان هەلی دامەزراندنی کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی گەنمەشامی بە وەبەرهێنەران داوە، بەڵام تائێستا دەستپێشخەری لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ ئەو بابەتە نەکراوە.
ئەم هەواڵە 292جار خوێندراوەتەوە |