ZNA-هەولێر نرخی زێڕ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەکانی دوو رۆژی رابردووی خۆی و هەر ئۆنسەیەکی بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بۆ 1856 دۆلار.
نرخی زێڕ هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی دووی ئەمساڵ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بۆ 1861 دۆلار.
ئەمڕۆ پێنجشەممە پێنوێنی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بە رێژەی 0.1٪ دابەزیوە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
برایان لان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (گۆڵد سیلڤەر سێنتراڵ) لە سینگاپور رایگەیاند، "نرخی زێڕ سەرەتایەکی باشی لە ئەمساڵدا دەستپێکردووە کە هۆکارەکەی بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان دەگەڕێتەوە."
بڕیارە رۆژی هەینی ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاوبکرێنەوە کە بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ و دۆلار دادەنێت.
باریان لان لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەگەر ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا ئەوە پێشان بدەن کە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی کە پێشتر لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دراون بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا خاوبێتەوە، ئەوا لە قازانجی زێڕ دەشکێتەوە و بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە."
ئەم هەواڵە 286جار خوێندراوەتەوە |