English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: کۆچبەرانی نایاسایی دەستبەسەر دەکەین و دەریان دەکەین
2023-01-05 [09:14 AM]

ZNA-هەولێر


سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پلانی حکومەتەکەیی بۆ ساڵی نوێ ئاشکرا کرد و رایگەیاند، یەکێك لە کارە لەپێشینەکانیان جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکانە تایبەت بە تووندکردنی رێکارەکان، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە روو لەو وڵاتە دەکەن.

 

رۆژی چوارشەممە، 5ی کانوونی دووەمی 2023 ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە یەکەم گوتاریدا لە ساڵی نوێدا کە تایبەت بوو بە پلانی حکومەتەکەی بۆ 12 مانگی داهاتوو، جەختی لە سیاسەتی وڵاتەکەی کردەوە بۆ تووندکردنی یاساکانی وەرگرتنی کۆچبەران کە لە ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر روویان لە بەریتانیا کردووە.

 

لەبارەی سیاسەتی نوێی حکومەتەکەی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، "یاسای نوێ پەسند دەکەین بۆ راگرتنی چوونی کۆچبەران لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە، بۆئەوەی دڵنیابین کە ئەگەر بە شێوەیەکی نایاسایی بێیتە ئەم وڵاتەوە، ئەوا دەستبەسەر دەکرێیت و بە خێرایی دەردەکرێیت."

 

لە ساڵی 2022، زۆرترین کۆچبەر روویان لەو وڵاتە کردووە. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ساڵی رابردوو زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر بە بەلەم و لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە ئەو وڵاتە.

 

یەکێک لەو رێکارانەی حکومەتی بەریتانیا بەنیازە ئەمساڵ بیگرێتەبەر رەوانەکردنی کۆچبەرانە بۆ رواندا و هەڵسەنگاندنی کەیسەکانیانە لەو وڵاتە. لە سەرەتای مانگی رابردووشدا، دادگەی باڵای بەریتانیا بڕیاری دا کە رەوانەکردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا کارێکی ئاساییە و هیچ پێشێلکارییەکی تێدا نییە.

 

لەدوای بڕیارەکەش سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سویێلا برەیڤەرمان، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیان پێشوازییان لەو بڕیارەی دادگە کرد و رایانگەیاند، هەوڵەکانیان دەستپێدەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ رواندا.

 

دەسەڵاتدارانی روانداش لای خۆیانەوە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەوان ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە و هەر کاتێک بەریتانیا کۆچبەران رەوانەی وڵاتەکەیان بکات، ئەوان ئامادەن پێشوازییان لێبکەن و وەکو قۆناخی یەکەمیش دەتوانن هەزار کۆچبەر وەربگرن.

 





ئەم هەواڵە 142جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad