ZNA - هەولێر یانەی نەسر یەکەم یاریی دوای ناساندنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، وەک یاریزانی نوێی یانەکە ئەنجامدەدات، بەڵام زەحمەتە رۆناڵدۆ بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
لە رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی سعودیە و لە گەڕی 12ـی خولەکەدا، یانەی نەسر بەرامبەر یانەی تائی یارییدەکات، بۆ درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی و بەهێزکردنی شوێنەکەی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەدا.
هاندەران لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕێی دەرکەوتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەن لەگەڵ یانەکە، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی نەسر دووپاتیدەکەنەوە کە رۆناڵدۆ بەشداری لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ناکات، بەڵام بەشدارینەکردنەکەی پەیوەندی بە هیچ سزایەکەوە نییە، بەڵکو یاریزانەکە لە رووی جەستەییەوە بەتەواوی یارییکردن ئامادەنییە، بەتایبەت کە تەنیا دوو یەکەی مەشقیی لەگەڵ یانەکە ئەنجامداوە.
یانەی نەسر سەرجەم کارەکانی تۆمارکردنی ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەواوکردووە و یاریزانەکە ناوی وەک یاریزانی یانەکە تۆمارکراوە و چاوەڕواندەکرێت چەند کاژێری داهاتوو بەفەرمی ئەوە لەلایەن لێژنەی لێهاتوویی دارایی سەر بە وەزارەتی وەرزشی سعودیە رابگەیێنرێت.
جگە لە رۆناڵدۆ لە یارییەکەی ئەمڕۆی یانەی نەسردا بەرامبەر یانەی تائی، ڤێنسێنت ئەبوبەکر، هێرشبەری کامیرۆنیش بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات.
یانەی نەسر لەم وەرزەی خولی سعودیەدا، لە 11 یارییدا 8 بردنەوە، دۆڕانێک و یەکسانبوونێکی هەیە و بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە و بەجیاوازیی 1 خاڵ لە پێش یانەی شەبابە، بەڵام شەباب یارییەکی کەمتری ئەنجامداوە.
هاندەرانی یانەی نەسر تیفۆیەکی تایبەتیان بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و لە یاریگەی یانەکەیاندا بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە بەرزیدەکەنەوە، کە لەسەری نووسراوە "انا عالمی"، ئەمەش دوای ئەوەی رۆناڵدۆ لە رێوڕەسمەکەدا ئەو قسەیەی کرد.
رووداو
ئەم هەواڵە 139جار خوێندراوەتەوە |