ZNA-هەولێر بانکی ناوەندی عێراق بڕی خستنەڕووی دۆلار زیاد دەکات، بەمەش بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی روو لە بەرزبوونەوە دەکات.
بڕیارە سبەی رۆژی یەکشەممە 8/1/2023، بانکی ناوەندی عێراق بڕی 83 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار بەشێوەی نەختینەیی بخاتە بازاڕەوە، هەروەها بڕی 28 ملیۆن دۆلاریش بەشێوەی حەواڵە دەخاتە بازاڕەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتایی هەفتەی رابردوو لەبەردەم بانکی ناوەندی عێراق خۆپیشاندان دژی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەو داتایانەی کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە و هێڵی هەژاری تێدا دیاری کراوە، ئەگەر بەهای 100 دۆلار بگاتە سەرووی 170 هەزار دیناری عێراقی، سێ ملیۆن هاووڵاتی دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریەوە.
ئەگەرچی حکومەتی عێراق لە هەوڵدایە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بگەڕێنێتەوە بەهای دیاریکراو، بەڵام تائێستا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕەکاندا بە ناجێگیری ماوەتەوە.
ئەم هەواڵە 367جار خوێندراوەتەوە |