ZNA - ههولێر
بهریتانیا و سویسرا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەسەر محەمەد کەرەمی و سەید محەمەد حوسێنی-دا سەرکۆنە کرد کە بە پاساوی "کوشتنی کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان" لە شاری کەرەج لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
وەزیری دەرەوەی بهریتانیا جەیمس کلێڤەرلی سەرکۆنەی لە سێدارەدانی دوو خۆپیشاندەری لەلایەن ئێرانەوە کرد و داوای لە تاران کرد "دەستبەجێ کۆتایی بە توندوتیژییەکان دژی گەلەکەی خۆی" بهێنێت.
کلێڤەرلی وتی "لە سێدارەدانی موحەمەد مەهدی کەرەمی و سەید موحەمەد حوسێنی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کارێکی قێزەونە، بهریتانیا بە توندی دژایەتی سزای مەرگ دەکات لە هەر بارودۆخێکدا بێت."
سکرتێری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، لیڤیا لو لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند: "وەزارەتی دەرەوە بەتوندی لەسێدارەدانی محەمەد کەرەمی و سەید محەمەد حوسێنی بە پاساوی پەیوەندیدار بە خۆپیشادانەکان، سەرکۆنە دەکات".
لیڤیا لو بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە لە هەموو شوێنێک و لە هەر دۆخێکدا بێت دژبە سزای لەسێدارەدانن، رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی بە پەنابردنە بەر توندوتیژی سەرکۆنە کرد و جەختی لەسەر پشتیوانییەکانیان کردەوە بۆ رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.
لە ماوەی ڕابردوودا ئێران دوو کەسی لە سێدارەدا بە تۆمەتی " کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش " لە نێوەندی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێراندا، کە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لەژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەریانهەڵدا.
ئاژانسهكان
ئەم هەواڵە 130جار خوێندراوەتەوە |