ZNA - ههولێر
چین رایگەیاند کە دوای سێ ساڵ لە داخستنی بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە (COVID-19) لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە، دووبارە سنوورەکانی دەکاتەوە.
لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی چین رایانگەیاندوو کە لە ھەشتی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣وە، دەستبەرداری ماوەی کەرەنتینەکردن دەبن و دووبارە سنوورەکان دەکەنەوە.
لیژنەی تەندروستیی نیشتمانیی چین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نەخۆشییەکە لە چینی (A)وە دەگوازنەوە بۆ چینی (B)، ئەوەیش بەمانای ئەوەی کە (COVID-19)، تەنھا پێویستی بە چارەسەرکردن و گرتنبەری رێوشوێنی پێویست ھەیە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
راشیگەیاندووە کە ناوی (COVID-19)یان لە "ھەوکردنی سییەکان بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیەوە" گۆڕیوە بۆ "تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ".
چین لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە، دەستبەرداری سەپاندنی ماوەی کەرەنتینەکردن دەبێت بەسەر تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھەروەھا ئەو کەسانەی کە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، ئەوەیش بەپێی یاسا تەندروستییەکان.
چین کە لەسەر ئاستی جیھاندا، زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی ھەیە لە مانگی رابردوودا، وازی لە سیاسەتی توندی ناسراو بە "سفر کۆڤید" ھێنا، ئەمەیش لە دوای ئەو گرژیی و ناڕەزایەتییانەی کە ژمارەیەک ناوچەی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠ەوە ھەر کەسێک سەردانی چینی بکردایە، ئەوا بەناچاری لە دامەزراوەیەکی گشتییدا بۆ ماوەی سێ ھەفتە کەرەنتین دەکرا، بەڵام بەم دواییانە ماوەی کەرەنتینەکە کەم کرایەوە بۆ پێنج رۆژ.
AA
ئەم هەواڵە 112جار خوێندراوەتەوە |