ZNA-هەولێر
رۆژی دووشەممە 9-1-2023، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 53 سەنت بەرزبووە و بە 79 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 46 سەنت بەرزبووە و بە 74 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها گەشبینی بەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پاشگەزدەبێتەوە لە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی، بووەتە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار.
دابەزینی بەهای دۆلار دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی کە بە دراوێکی دیکەوە مامەڵە بە نەوتەوە دەکەن ئاسانتر و رێژەیەکی زیاتر نەوت بکڕن و بەو هۆیەشەوە دابەزینی بەهای دۆلار کاریگەریی هەبووە لەسەر بەرزکردنەوەی خواست بۆ کڕینی نەوتی خاو.
هەفتەی رابردوو کە یەکەم هەفتەی بازاڕەکانی ئەمساڵ بوو نرخی نەوت بە رێژەی 8٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی. هۆکارەکەشی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان بوو.
چین لە دوای 3 ساڵ دەروازەکانی و فڕۆکەخانەکانی بەڕووی گەشتیاراندا کردووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار پێشبینیبکرێت ئەو وڵاتە بەنزینی و سووتەمەنی زیاتر بەکاربهێنێت.
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵی نوێی چینی، پێشبینیدەکرێت ژمارەی گەشە ناوخۆییەکان بەرزبێتەوە بۆ دوو ملیار گەشت. بەوپێیەش جموجۆڵ و هاتووچۆی خەڵک لە ناوخۆی چین دەگاتەوە 70٪ ی ئاستی پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا لە ساڵی 2019 دا.
ئەم هەواڵە 142جار خوێندراوەتەوە |