ZNA-هەولێر لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا. دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەڕێژەی 0.7٪ بەرزبێتەوە بۆ 1878 دۆلار.
هەروەها نرخی هەر ئۆنسە زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو بۆ مانگی 3ی ئەمساڵ بەرزبووەتەوە بۆ 1883 دۆلار.
کریستۆفەر وانگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئۆ سی بی سی) رایگەیاند، " داتا نەرمەکانی ئابووریی ئەمریکا کە هەفتەی رابردوو بڵاوبوونەوە، خواستی بۆ زێڕ بەرزکردوووتەوە."
کریستۆفەر پێیوایە، داتاکان کە بەزۆری پەیوەستبوون بە بازاڕی کاری ئەمریکا ئەوە دەردەخەن لە سیاسەتەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پەیوەست بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە 2022 دا توانیویەتی کاریگەری لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دابنێت و ئابووری بەرەو ساردکردنەوە ببات و لە رێژەی هەڵاوسان کەمبکاتەوە.
ئەم هەواڵە 205جار خوێندراوەتەوە |