ZNA – هەولێر
سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند، ناتوانن مەرجەکانی تورکیا جێبەجێ بکەن بۆ بوونە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ و دەشڵێت، "ئێستا بڕیار لای تورکیایە."
ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید رایگەیاند، ناتوانن مەرجەکانی تورکیا جێبەجێ بکەن بۆ بوونە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ، گوتیشی، "لەوبارەوە شتێک نەگۆڕاوە، تورکیا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئێمە ئەو کارەمان کردووە کە گوتمان دەیکەین، بەڵام تورکیاش دەڵێت ئەوشتانەی دەوێت کە ئێمە ناتوانین بیانکەین و ناتوانین بەدەستیانەوە بدەین، ئێستا بڕیار لای تورکیایە."
تورکیا داوای رادەستکردنەوەی 33 کەس لە سوێد و فینلاند دەکات کە بەمشێوەیە: شەش ئەندامی سەر بە پەکەکە و شەشی سەر بە بزووتنەوەی گولەن لە فینلاند، هەروەها رادەستکردنەوەی 11 ئەندامی پەکەکە و 10 کەسی سەر بە بزووتنەوەی گولەنی لەلایەن سوێدەوە.
تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت فینلاند و سوێد هەنگاوی "یەکلاییکەرەوە" بنێن و هەرچی ئەوەی ئەنقەرە بە تیرۆرستی دەناسێنێت، رادەستیان بکەنەوە.
ئەم هەواڵە 118جار خوێندراوەتەوە |