English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سربیا داوای ڕەوانەکردنی هێزی بۆ کۆسۆڤۆ كرد، ناتۆ ئه‌م داوایه‌ی ڕەت كرده‌وه‌
2023-01-09 [01:06 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

سەرۆکی سڕبیا ئەلیکساندەر ڤوچیک دەڵێت نێردەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ داوایەکی حکومەتی سڕبیای ڕەت کردەوە بۆ ڕەوانەکردنی 1000 پۆلیس و سەربازی سڕبی بۆ کۆسۆڤۆ، ئەوەش دوابەدوای پێکدادانەکانی نێوان بەرپرسانی کۆسۆڤۆ و سڕبییەکانی باکووری کۆسۆڤۆ.

کۆسۆڤۆ کە پێشتر هەرێمێکی سڕبیا بووە لە ساڵی 2008 دا و دوای جەنگەکەی 1998-1999 بە پشتیوانی هاوپەیمانێتی ناتۆ سەربەخۆیی ڕاگەیاند و لە سڕبیا جیابۆوە، پشتیوانییەکەی ناتۆ بۆ کۆسۆڤۆ لە پێناو پاراستنی دانیشتوانە ئەلبانیەکەی کۆسۆڤۆ بوو کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ئەلبانین.

ڤوچیک وتی " نێردەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ وەڵامییان داوەتەوە و دەڵێن پێویست ناکات سوپای سڕبیا بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆسۆڤۆ.. هۆکارەکەشییان گەڕاندۆتەوە بۆ بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەرکەکەیانی لە کۆسۆڤۆ پەسەند کردووە."

مانگی ڕابردوو بۆ یەکەمین جار لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەوە، سڕبیا داوای ڕەوانەکردنی هێزەکانی کرد بۆ ناو کۆسۆڤۆ، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ پێکدادانەکانی نێوان بەرپرسانی کۆسۆڤۆ و سڕبییەکانی باکووری کۆسۆڤۆ کە لەو ناوچەیەدا زۆرینەن.

بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت سڕبیا ڕەنگە ڕێگەی پێبدرێت سەربازەکانی لەسەر خاڵە سنوورییەکان لەگەڵ کۆسۆڤۆ و شوێنە ئاینییە ئۆرثۆدۆکسەکان و ئەو ناوچانەدا جێگیر بکات کە زۆرینەی دانیشتوانەکانی سڕبین، ئەگەر نێردەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ پەسەندی بکات.

ڤوچیک ڕەخنەی لە وەڵامەکەی نێردەی ناتۆ گرت لە کۆسۆڤۆ کە لە کاتی کریسمسی مەسیحییە ئۆرثۆدۆکسەکاندا بوو، ئەوەش دوای ئەوەی پۆلیسی کۆسۆڤۆ سەربازێکی دەستگیرکرد کە گومانی لێدەکرێت تەقەی لە دوو گەنجی سڕبی کردبێت لە نزیک شارۆچکەی شتیرپچی باشوور، سەربازەکە لەو کاتەدا لە ئەرکدا نەبووە.

پۆلیس وتی بریندارەکان تەمەنیان 11 ساڵ و 21 ساڵ بووە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و برینەکانیشیان سەخت نەبوون.

بەرپرسانی کۆسۆڤۆ سەرکۆنەی ئەو ڕووداوەیان کرد، کە بووە هۆی زیادکردنی گرژییەکان.

ڕۆژی یەکشەممە چەند هەزار سڕبییەکی کەم بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە شتیرپچی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ناڕەزاییان دژی " توندوتیژی دژ بە سڕبییەکان " دەربڕی.

سەرۆکی پارتی لیست، گۆران ڕاکیچ، کە گەورەترین پارتی سڕبییەکانە لە کۆسۆڤۆ، سەرۆک وەزیری کۆسۆڤۆ ئالبین کورتی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەرکردنی هاوڵاتیانی سڕبی لە وڵاتەکەدا.

ڕاکیچ وتی " ئامانجەکەی ئەوەیە ئەو جۆرە بارودۆخانە دروست بکات بۆ ئەوەی سڕبییەکان ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن. پەیامی من ئەوەیە کە نابێت خۆمان بە دەستەوە بدەین."

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سڕبیا ڕۆژی شەممە بڵاوییان کردەوە گوایە گەنجێک لەلایەن کۆمەڵێک ئەلبانییەوە هێرشی کراوەتەسەر و لێیدراوە، هاوکات ڕاگەیاندنەکانی کۆسۆڤۆ بڵاوییان کردەوە پاسێکی کۆسۆڤۆ کە ویستوویەتی لە سڕبیاوە بەرەو ئەڵمانیا بڕوات هێرشی کراوەتەسەر و جامی پێشەوەی پاسەکە بە بەرد شکێندراوە.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد، ئەم ڕووداوانەش پێشبینی دەکرێت بێ متمانەیی نێوان دانیشتوانە زۆرینە ئەلبانی و سڕبییە کەمینەکانی کۆسۆڤۆ قوڵتر بکاتەوە. نزیکەی 100,000 هاوڵاتی سڕبی لە کۆسۆڤۆ دەژین و زۆربەیان لە باکوورن و زۆرینەشیان ڕەتی دەکەنەوە دان بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆدا بنێن.





ئەم هەواڵە 103جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad