English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لێژنەی دارایی: بڕیارە قەرز و پێشینەكانی بانكی ناوەندی، هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە
2023-01-09 [01:28 AM]

ZNA - هه‌ولێر


ئەندامێكی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاشكرای كرد، هیچ رێگرییەك نەماوە بۆ ئەوەی ئەم ساڵ ، قەرز و پێشینەكانی بانكی ناوەندی، هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.

د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق،  ڕایگەیاند: "لەو ماوەیەدا سەردانی بانكی ناوەندیی عێراقمان كرد، ئەویش بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نەقدی و داراییەکانی هەرێمی كوردستان بە ناوەندەوە، لە چوارچێوەی دەستوور، بە مەبەستی سوودمەندبوونی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە پێشینە و دەستپێشخەرییەکانی بانکی ناوەندی."

ئاماژەی بەوەش دا: "هیچ رێگرییەك نییە و نەماوە، بۆ ئەوەی ئەم ساڵ پێشینە و قەرزەكانی بانكی ناوەندی، هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، بە گوتەی بەرپرسانی بانكی ناوەندی، بانكی نیشتمان بكرێتەوە، ئەوا قەرز و پێشینەكان هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە."

نەرمین مەعرووف ئەوەشی خستە ڕوو، كە ئەگەر پەسندكردنی بودجەی 2023 دوابكەوێت، هیچ كاریگەری لەسەر بابەتی پێشینە و قەرزەكانی بانكی ناوەندی نابێت.

بانكی ناوەندیی عێراق چەندین قەرز و پێشینەی جیاواز دەداتە هاووڵاتییان و خانەشینان و فەرمانبەرانی پارێزگاكانی عێراق، بەڵام پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی لێ بێبەش كراوە.

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت و هەنگاوەکانی دامەزراندنی ئەو بانکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و زۆربەی کارەکانی تەواو بووە و دەبەسترێتەوە بە بانكی ناوەندیی عێراق، دیاره‌ بانكی ناوه‌ندیی عێراق ساڵانه‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌ و تێیدا ده‌ستپێشخه‌ریی هه‌یه‌، یه‌كێك له‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ش، پێدانی پاره‌یه‌ به‌و بانكانه‌ی، کە سه‌ر به‌ بانكی ناوه‌ندین، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك پێشینه‌ به‌ هاووڵاتییانی بده‌ن، لەوانەش، پێشینه‌ی فه‌رمانبه‌ران، پێشینه‌ی خانووبەرە، پێشینه‌ی كشتوكاڵی، پێشینه‌ی پیشه‌سازی و قه‌رزی نیشته‌جێكردن، کە ئەوانە هەمووی لەخۆ دەگرێت.''

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان زیاتر گوتیشی: "بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین، کە بە زووترین کات ئەو بانکە تەواو بێت، بۆ ئەوەی بتوانین سولفه‌یه‌ك لە بانکی ناوەندیی عێراق وه‌ربگرین، بەپێی ئەو ڕێنوێنییانەی هەیانە، بۆ ئەوەی لە کوردستان بتوانین پێشینەکان بکەینەوە و به‌هۆیه‌وه‌ هاووڵاتییان لێی سوودمه‌ند بن.''

ئەندامەكەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش كرد، لە سەردانەكەیاندا بۆ بانكی ناوەندی، داوای لابردن، یان كەمكردنەوەی سووی سەر قەرزی نەخۆشی كردووە، كە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

بانكی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێكدا، كە رۆژی 6ی11ی 2022 بۆ گشت لقی بانكەكانی ناردووە، ئاماژەی بەوە كردووە، قەرزی تووشبوانی شێرپەنجە و نەخۆشییە قورسەكان، كە بڕەكەی 15 ملیۆن دینارە، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە. رێژەی سووی سەر قەرزەكە (.9 2%) دەبێت و لە ماوەی پێنج ساڵ وەردەگیرێتەوە.

 

شوان به‌رزنجی 





ئەم هەواڵە 601جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad