ZNA -هەولێر
سێ خۆپێشاندەری دەستبەسەرکراوی دیکە لە شاری ئیسفەهانی ئێران سزای سێدارەیان بۆ برایەوە.
ئاژانسی میزان سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئیران ڕایگەیاند سێ کەس بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی دوو ئەندامی هێزی بەسیجی سوپای پاسداران و پۆلیسێک سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە
نزیک دوو مانگ لەمەوبەر و لە کاتی خۆپێشاندانی هاووڵاتیان لە شاری ئیسفەهان، دوو ئەندامی هێزی بەسیج و پۆلیسێک بە دەسڕێژی گوللـە کوژران و لەم پەیوەندییەدا 9 کەس لە خۆپێشاندەران دەستبەسەر کران.
لەم دەستبەسەرکراوانە سێ کەسیان بە تۆمەتی موحارەبە واتا دژایەتیکردنی خودا، سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە و کەسێکێش بە 16 ساڵ زیندان سزا دراوە و کەسێکی دیکەش دوو ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.
دوو رۆژ لەمەوبەریش دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە شاری کەرەج دوو دەستبەسەرکراوی خۆپێشاندانەکانی ئەم شارەی لە سێدارە دا.
کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە 111 کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکان مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئەم هەواڵە 196جار خوێندراوەتەوە |